میدیای ئەمریکی: نەوتی عێراق دەبێتە جێگرەوەی نەوتی رووسیا و هەناردەی چیک دەکرێت


وێستگەنیوز_

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی یەکشەممە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری پراگ لەگەڵ یان لیپاڤسکی، هاوتا چیکییەکەی کۆبووەتەوە.
 
بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشکرایکردووە، لە کۆبوونەوەی هەردوو وەزیردا باس لە رێگەکانی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوولا و هەناردەکردنی نەوت بۆ چیک کراوە.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای ئەمریکی، لە ساڵی داهاتووەوە عێراق نەوت هەناردەی چیک دەکات و بەو جۆرەش دەبێتە جێگرەوەی نەوتی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە.
 
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو نەوتەی عێراق هەناردەی چیکی دەکات، سەرەتا لە رێگەی کەشتیی نەوتهەڵگرەوە دەگوازرێتەوە، پاشان لە رێگەی بۆریی نەوتیی TAL لە ئیتاڵیاوە دەگاتە ئەڵمانیا و لەوێشەوە بە بۆریی IKL دەگوازرێتەوە چیک.
 
لە ساڵی 2022ـدا و پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا، چیک 56%ی نەوتەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد. لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا رێژەکە بۆ 49% دابەزیوە.
 
دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکرانیا لە شوباتی 2022 و سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووری لە لایەن رۆژئاواوە بەسەر مۆسکۆدا کێشە کەوتە نێوان رووسیا و رۆژئاوا لە بابەتی وزە. لە کۆتایی ساڵی 2022ـدا کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت نرخی نەوتی هاوردەکراوی رووسیایان لە رێگەی دەریاوە لە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک سنووردار کرد. لەوکاتەوە وڵاتانی ئەورووپا بەدوای جێگرەوەی نەوت و گازی رووسیا و رووسیاش بۆ فرۆشیاری نوێی وزەکەی دەگەڕێن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئامانجی هەردوولایانە.


PM:06:03:22/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت