وەزیری بەرگریی ئەمریکا: سیستمی ساد لە ئیسرائیل جێگيرکراوە


وێستگەنیوز_

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، سیستمی دژە مووشەکیی ساد لە ئیسرائیل جێگيرکراوە. دەشڵێت "واشنتن ئەم سیستمە پێشکەوتووەی بەرگریی ئەمریکای ناردووە بۆ پاراستنی ئيسرائيل لەهەر هێرشێکی نوێی مووشەکی ئێران".

ئەمرۆ سێشەممە22ـی 10ـی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمريکا 'پنتاگۆن'، لە زاری وەزیری بەرگری وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، ئەم سیستمە لەئێستادا لە ئيسرائيل جێگيرکراوە، ناڵێن کاردەکات یاخود نا، بەڵام "توانای ئەوەیان هەیە زۆر بەخێرایی کاريپێبکەن."

لە راگەیەندراوەکەدا دەڵێت: ئەو سەربازانەی کە بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی سیستمی بەرگریی مووشەکی ساد، هەفتەی رابردوو رەوانەی ئیسرائیل کراون، کە بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی جیهان دادەنرێت و پێکهاتووە لە سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک، کە لەسەر بارهەڵگرەکان دانراون.

لای خۆشیەوە، پات رایدەر، وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە، بەهێزکردنی سیستمى بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل بەم چەکە پێشکەوتووە، پابەندبوونی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل و بەرگریکردن لە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە لە هەر هێرشێکی مووشەکی بالیستیکی لەلایەن ئێرانەوە پشتڕاستدەکاتەوە".

ئەمەش پاش ئەوەدێت، ئێران لە کاردانەوەى کوشتنى حەسەن نەسروڵڵا، ئەمينداری گشتی حیزبوڵاى لوبنانى و ئیسماعیل هەنييە، هێرشێکى مووشەکیی کردە سەر تەلئەڤیڤ و بەوهۆیەشەوە ئیسرائیل بڕیاریداوە تۆڵە لە ئێران بکاتەوە.


PM:03:32:22/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 208 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت