له‌ ئه‌سته‌نبوڵ به‌هۆی باندی منداڵی تازه‌ له‌دایكبوو 9 نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت داده‌خرێن


وێستگەنیوز-

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 19ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا رایگه‌یاند له‌ ئه‌سته‌نبوڵ مۆڵه‌تی 9 نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی ئاشكرابوونی باندێك كه‌ ناویان ناوه‌‌: "باندی منداڵی تازه‌ له‌دایكبوو".

دوای گه‌ڕان و پشكنین و به‌ دواداچوون بۆ ماوه‌ی چه‌ندین مانگ، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا بۆیان ده‌ركه‌وتووه‌ باندێكی رێكخراو، له‌ به‌شی "پێشوازی له په‌یوه‌ندییه‌ فریاگوزارییه‌كان 112" و هه‌ندێك نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌تدا هه‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی رێكخراو كارده‌كات.
ئه‌م بانده‌ ئیشی ئه‌وه‌یه‌، حاڵه‌تی ئه‌و منداڵانه‌ی تازه‌ له‌ دایكده‌بن و پێویستیان به‌ چاودێری چڕ هه‌یه‌، ره‌وانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌تانه‌یان ده‌كه‌ن كه‌ پێشتر رێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كردوون.

ئامانجی بانده‌كه‌ له‌و كاره‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م قازانجی پاره‌یه‌، نه‌ك ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو پێشكه‌ش به‌و منداڵانه‌ بكه‌ن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ ده‌ڵێن: "دوای ئه‌وه‌ی ئه‌م منداڵانه‌، ره‌وانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ دیاریكراوانه‌ ده‌كرێن، منداڵه‌كه‌ له‌ ژوری چاودێری چڕ داده‌نێن و زۆر زیاتر له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ پێویسته بۆ مانه‌وه‌‌، ده‌یهێڵنه‌وه‌ و بۆ ئه‌وه‌ش رۆژانه‌ له‌ خێزانی منداڵه‌كان، 8 هه‌زار لیره‌ وه‌رده‌گرن".

تا ئێستا مردنی 10 منداڵ له‌وانه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ كراون پشتڕاستكراوه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زیاد له‌ پێویست  و بۆ ماوه‌ی زۆر زیاتر له‌ ژووری چاودێری چڕ هێشتویانه‌ته‌وه.

ده‌سه‌ڵاتداران ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كه‌ن به‌ هاریكاری له‌گه‌ڵ ده‌زگای دڵنیایی نیشتیمانی، زۆر به‌ وردی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن، تاكو به‌ ته‌واوی هه‌مو راستییه‌كانیان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ن له‌م تۆڕه‌دا تێوه‌گلاون


PM:11:09:19/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت