به‌هۆی حزبوڵا و رژێمی سوریاوه، ئه‌مریكا سزا به‌سه‌ر چه‌ند كه‌س و كۆمپانیایه‌كدا ده‌سه‌پێنێت
وێستگه‌نیوز-
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند كه سزای به‌سه‌ر چه‌ند كه‌س و كۆمپانیایه‌كدا ده‌سه‌پێنێت كه پشتیوانی حزبوڵای لوبنان و رژێمی سوریا ده‌كه‌ن.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ماتیۆ میله‌ر وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له پلاتفۆرمی (X) رایگه‌یاند كه "سزا نوێیه‌كانی واشنتن سێ كه‌س و چوار كۆمپانیا ده‌گرێته‌وه كه رۆڵیان له دابینكردنی داهات بۆ حزبوڵای لوبنانی هه‌بووه، كه ئۆپه‌راسیۆنه تیرۆریستییه‌كانی پێ ئه‌نجام ده‌دات".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه "سزا به‌سه‌ر سێ كه‌سیشدا ده‌سه‌پێنرێت كه ده‌ستیان له به‌رهه‌مهێنانی نایاسایی و قاچاخچێتی كاپتاگۆندا هه‌یه. كاپتاگۆن مادده‌یه‌كی هۆشبه‌ره كه بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داهات بۆ رژێمی سوریا و گروپه‌كانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانی ئێران، له‌وانه‌ش حزبوڵا".
وتیشی: "ئه‌مریكا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی رێگری بكات له‌وه‌ی حزبوڵا ده‌ستی به سیسته‌می دارایی نێوده‌وڵه‌تی رابگات. گروپه‌كانی سه‌ر به ئێران ئه‌م شێوازانه به‌كارده‌هێنن بۆ دابینكردنی دارایی بۆ كاره توندوتیژییه‌كانیان".
ئه‌م سزایانه له كاتێكدایه كه شه‌ڕی نێوان چه‌كدارانی حزبوڵا و سوپای ئیسرائیل له باشووری لوبنان و ناوچه‌كانی دیكه به‌رده‌وامه.
PM:08:05:16/10/2024
ئه‌م بابه‌ته 500
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت