سه‌رۆكی ئیسرائیل بۆ ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵا: نۆره‌ی تۆش دێت


وێستگەنیوز_

نه‌عیم قاسم، جێگری ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵا، رایدەگەیەنێت، "حزبوڵڵا چووه‌ته‌ شه‌ڕێكی راسته‌وخۆوه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل". لە بەرامبەردا سەرۆکی ئیسرائیل هەرەشەیەکی ئاراستە کرد و دەڵێت: "نۆرەی تۆش دێت."

دوێنێ سێشه‌ممه‌ 15ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، نه‌عیم قاسم، جێگری ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵا، جه‌ختیكرده‌وه‌ لەوەی، "حزبوڵڵا چووه‌ته‌ شه‌ڕێكی راسته‌وخۆوه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و چیتر ته‌نها وه‌ك پاڵپشتێك بۆ كه‌رتی غه‌ززه‌ نه‌ماوه‌ته‌وه‌." 

هه‌روه‌ها به‌ پێداگرییه‌وه‌ رایگه‌یاند، "دانیشتوانی ئیسرائیل ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ باكوور، ته‌نها پاش راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌ نه‌بێت".

لە بەرامبەردا، راستەوخۆ ئیسرائیل وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی دایه‌وه‌ و ئیسحاق هه‌رتسۆگ، سه‌رۆكی ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد کە گوێگری لێدوانه‌كه‌ی قاسم بووه‌ و وتی: "ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وانه‌ی پێش خۆی هه‌ڵه‌ی كرد".

ئیسحاق هه‌رتسۆگ، له‌ كاتی سه‌ردانیكردنی بۆ لای ئه‌و سه‌ربازه‌ ئیسرائیلیانه‌ی له‌ بۆردمانێكی حزبوڵڵا بۆ سه‌ر حه‌یفا بریندار ببوون، رایگه‌یاند: "ئه‌و ته‌نها هه‌ڵه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌و بڕوایه‌دام رۆژی ئه‌ویش دێت".

هه‌روه‌ها پێیوایه‌ نه‌عیم قاسم هه‌وڵده‌دات جیهان ئه‌و راستییه‌ له‌بیر بكات كه‌ حزبه‌كه‌ی و هاوڕێكانی 'وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئێران' كاره‌ساتیان به‌سه‌ر لوبناندا هێناوه‌.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی حزبوڵڵا له‌ وته‌یه‌كی تۆماركراوی بۆ ئیسرائیلییه‌كان كه‌ سێیه‌م وته‌یه‌تی دوای كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا له‌ 27ی ئه‌یلولی رابردوو؛ ده‌ڵێت: "به‌ به‌ره‌ی ناوخۆی ئیسرائیل ده‌ڵێم، چاره‌سه‌ر راگرتنی شه‌ڕه‌كه‌یه‌، من له‌ پێگه‌یه‌كی لاوازه‌وه‌ قسه‌ ناكه‌م، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیسرائیل ئه‌وه‌ی ناوێت، ئه‌وا ئێمه‌ ئاماده‌ین".

نه‌عیم له‌ هه‌مان كاتدا هۆشداریدا له‌وه‌ی "به‌رده‌وامبوونی شه‌ڕه‌كه‌، واته‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دانیشتوانی باكوور و مانه‌وه‌ی هه‌زاران، بگره‌ مانه‌وه‌ی زیاد له‌ دوو ملیۆن كه‌س له‌ بازنه‌ی مه‌ترسی."

جێگره‌كه‌ی ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵا، داوای له‌ ئاواره‌كانی لوبنان كرد كه‌ به‌ هۆی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیله‌وه‌ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌، سه‌بریان هه‌بێت و به‌رده‌وام بن له‌ قوربانیدان، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ به‌رده‌وام بوون و ئه‌نجامیانداوه‌.

ئیسرائیل له‌ مانگی ئه‌یلولی رابردوه‌وه‌، بۆردومانه‌ توونده‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌ جیاوازه‌كانی لوبنان چڕكردووه‌ته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت باكووری بەیروت كه‌ به‌ قه‌ڵای حزبوڵڵا داده‌نرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ناوچەی بیقاع له‌ خۆرهه‌ڵاتی ئەو وڵاتەدا.


AM:11:49:16/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت