ئیسرائیل: بینایەکی پڕ چەک و تەقەمەنیی عەمبارکراوی حیزبوڵا لەناوبرا


وێستگەنیوز_

بەرەبەيانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پۆستێکيدا لە تۆڕی کۆمەڵايەتیی ئێکس داوای لە دانیشتووانی باڵەخانەی گەڕەکێکی باشووری بەيروت کرد دەستبەجێ بە دووریی 500 مەتر ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

ئەفيخای لە پەيامەکەيدا کە نەخشەيەکی لەگەڵدا پۆستکردووە، رايگەياندووە، ئەو باڵەخانەيەی دياريکراوە لەسەر نەخشەکە دەکەوێتە ناوچەی حریک.

پاشان ئیسرائیل هێرشێکی مووشەکیی بۆسەر ئەو باڵەخانەیە ئەنجامدا؛ و راستەوخۆ سوپا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی: "بیناکە شوێنی چەک و تەقەمەنییەکی گەورەی عەمبارکراوی حیزبوڵای تێدا بووە و خاپوورکراوە".

"لەماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 41 کەس کوژراون و 124 کەسی دیکەش برینداربوون، بەمەش کۆی گشتیی کوژراوان لەماوەی ساڵێکدا لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا گەیشتە دوو هەزار و 350 کوژراو و 10 هەزار و 906 بریندار." شانەی بەرپەرچدانەوەی قەیرانەکانی لوبنان ئەم ئامارەی بڵاوکردەوە.

هەروەها وەزارەتی تەندروستیی لوبنان دەڵێت، هەزار و 67 ناوەند کە کۆمەڵگەی پەروەردەیی و پەیمانگەی پیشەیی و زانکۆ و دامەزراوەکانی دیکەی تێدایە، بوونەتە کەمپی ئاوارەکان و 188 هەزار و 652 کەس لەخۆدەگرن.

بەگوێرەی ئامارێکی دەزگای منداڵانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، شەڕ و پێکدادانەکانی لوبنان، ملیۆنێک و 200 هەزار کەسی ناچارکردووە ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لەنێویاندا زیاتر لە 400 هەزار منداڵ هەن.


AM:08:45:16/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت