جارێکی دیکە ئیسماعیل قائانی لەسەر شاشەی میدیای ئێرانی دەرکەوتەوە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی سەردانی لوبنانی کردبوو، ماوەی زیاتر لە 10 ڕۆژ بوو چارەنووسی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران دیار نەبوو، بەڵام درەنگانی شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە لەسەر شاشەی میدیای ئێرانی دەرکەوتەوە.

دوای هەفتەیەک لە کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا لە هێرشێکی ئیسرائیلدا، وا بڵاوبووەوە کە قائانی سەردانی لوبنانی کردووە، بەڵام لەو کاتەوە چارەنووسی دیار نەبوو.

درەنگانی شەوی ڕابردوو میدیای ئێران وێنەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی لە کاتی پێشوازیکردن لە تەرمی عەباس نیلفرووشان، فەرماندەیەکی سوپای قودس لە لوبنان و سووریا پیشاندا لەو کاتەی فرمێسەکەکانی دەسڕێتەوە.

دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان لە 27 ئەیلووی مانگی ڕابردوو لە هێرشێکی ئیسرائیل، عەباس نیلفرووشان و ژمارەیەک فەرماندەی دیکە کە لە کۆبوونەوەیەکدا بوون، کوژران.

هەفتەیەک لە دوای کوژرانی نەسروڵڵا چارەنووسی فەرماندەکەی ئێران دیار نەبوو، چەند سەرچاوەیەک بۆ ئاژانسەکانی هەواڵ ئەوکات ڕایانگەیاند کە، قائانی پەیوەندی لەگەڵ ئێران پچڕاوە، چەند جارێک دەنگۆی کوژرانی بڵاوکرایەوە، دواهەمین جاریش باس لەوە دەکرا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابێت، بەڵام ئەوکاتیش میدیای ئێرانی هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە.


AM:09:49:15/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو