ئانادۆڵ: فەتحوڵا گولەن بۆ خانویەکی دوورەدەست لە دارستانێکی ئەمریکا دورخراوەتەوە


وێستگەنیوز_

میدیاکانی تورکیا رایدەگەیەنن، فەتحوڵا گولەن، کەسی یەکەمی بزووتنەوەی خزمەت لەو خانووەى 25 ساڵە تێیدا دەژیا، دوورخراوەتەوە بۆ خانوویەکى دیکە لە دارستانێکى چڕی ویلایەتی پێنسیلڤانیاى ئەمریکا.

ئاژانسی ئانادۆڵ، زمانحاڵی فەرمیی تورکیا دەڵێت، توانیویانە وێنەى خانووەکە بگرن، فەتحوڵا گولەن لەو کۆشکەوە کە لە ساڵی 1999ـەوە تیایدا ژیاوە بۆ خانوویەکی دوورەدەست گوازراوەتەوە، خانووەکە دەکەوێتە ناو دارستانێکی چڕ لە شارۆچکەی سایلەرسبێرگ؛ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا و 12 خولەک لە ناوەندی شارۆچکەکەوە دوورە.

سایلەسبۆرگ بە ناوەندی بزووتنەوەی گولەن یان خزمەت دادەنرێت کە تورکیا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناساندوویەتی.

تیمی ئاژانسەکە بە درۆن لە ئاسمانەوە وێنەی خانووەکەی گرتووە کە لەسەر رووبەری 12 دۆنم زەوی درووستکراوە و کۆی گشتیی رووبەری باڵەخانەکە 400 مەتر دووجایە.

بەگوێرەى ڤیدیۆکە، کەسانى نزیک لە گولەن، بە تۆمارکردنی دیمەنی خانووەکە دەزانن و دەستبەجێ پۆلیس ئاگاداردەکەنەوە و هەر لەو کاتەدا دوو ئۆتۆمبێل لە دەروازەی خانووەکەوە دێنە دەرەوە و یەکێکیان فەتحوڵا گولەنى تێدایە کە تەماشای کامێراکان دەکات.

لە نیسانی رابردوودا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، گولەن بێ رەزامەندیی خۆی لە کۆشکەکەی لە شارۆچکەی سایلەسبۆرگی پێنسیلڤانیاوە بۆ شوێنێکی دیکە گوازراوەتەوە.

بزووتنەوەی گولەن یان خزمەت لە ساڵی 1999، لەلایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیای ئەمریکا دامەزرێنراوە و وەک خۆیان دەڵێن، ئامانجی بزووتنەوەکە بڵاوکردنەوەی "ئایینی ئیسلامە." 

بۆیەکەمجار لە 11ـی کانوونی یەکەمی 2015ـدا لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی ناوی هێنرا. ئەمەش دوای ئەوەی، دەسەڵاتی تورکیا بزووتنەوەکەی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکەی 15ـی تەمموزی 2016ـەوەیە و لەو کاتەشەوە ئۆپراسیۆنی بەردەوام بۆ سەر لایەنگران و ئەندامانی بزووتنەوەکە ئەنجامدەدات.


AM:08:29:14/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 2384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو