ئەو فەرماندەیەی حزبوڵڵا كێیه‌ كه‌ ئیسرائیل له‌ بۆردوومانکەی ئەمڕۆی بۆ سه‌ر بەیروت كوشتی؟


وێستگەنیوز-


ئیسرائیل به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌تی كوشتنی فه‌رمانده باڵا‌كانی حزبوڵڵای لوبنانی، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌رده‌وامه‌ له‌ ئه‌نجامدانی بۆردوومانی تووند بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی ئه‌و حزبه‌ له‌ لوبنان.


له‌م باره‌یه‌وه‌، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 8ی تشرینی یه‌كه‌می 2024، به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی تایمز ئۆف ئیسرائیل بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند له‌ بۆردوومانێكدا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی بێروت، سوهه‌یل حسێن حسێنی سه‌رۆكی "سیستمی ئه‌ركان"ی حزبوڵڵای كوشتووه‌.


سوپای ئیسرائیل له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "ئه‌و باره‌گایه‌ی حسێنی به‌ڕێوه‌یده‌برد، سه‌رپه‌رشتی كاره‌ لۆجستییه‌كانی حزبوڵڵا و بودجه‌ی یه‌كه‌ جیاوازه‌كانی ده‌كرد".


هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "حسێنی له‌ حزبوڵڵادا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی جیهاد بوو كه‌ باڵاترین ده‌سته‌ی سه‌ربازیی حزبه‌".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: "سوهه‌یل حسێن رۆڵێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك له‌ نێوان ئێران و حزبه‌ڵڵادا بینیوه‌ و به‌رپرسی دابه‌شكردنی چه‌كه‌ پێشكه‌وتووه‌كان بووه‌ بۆ یه‌كه‌ جیاوازكانی حزب و سه‌رپه‌رشتیكردنی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌كانه‌ تا ده‌گات به‌ ده‌ستی یه‌كه‌كان. هه‌روه‌ها به‌رپرسی دارایی و كارگێڕی و لۆجستی به‌شی هه‌ره‌ زۆری پرۆژه‌ هه‌ستیاره‌كانی حزبوڵڵا بووه‌، له‌وانه‌ دانانی پلانی شه‌ڕه‌كانی گروپه‌كه‌ چه‌كداره‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی دیكه‌".


به‌ گوێره‌ی سوپای ئیسرائیل، ئه‌و باره‌گایه‌ی كراوه‌ته‌ ئامانج، به‌شی توێژینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی سه‌ر به‌ حزبوڵڵای تێدابووه‌، ئه‌و به‌شه‌ به‌رپرس بووه‌ له‌ دروستكردنی موشه‌كه‌ ئاراسته‌كراوه‌كان و عه‌مباركردن و گواستنه‌وه‌ی چه‌كه‌كان له‌ لوبنان.


سوپای ئیسرائیل له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌ تایبه‌ته‌كانی، حسێنی كاری بۆ دیاریكردنی بودجه‌ و ئیداره‌دانی لۆجستی ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌كرد كه‌ بۆ حزبه‌كه‌ زۆر هه‌ستیار بوون، له‌وانه‌ دانانی پلانه‌كانی جه‌نگ و پلانی تایبه‌تی دیكه‌ و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل له‌سه‌ر خاكی لوبنان و سوریا‌وه‌".



PM:06:28:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 816 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو