بارمته‌یه‌كی ئازادكراو: ناتانیاهۆ هیچ شتێك ده‌رباره‌ی تونێله‌كانی غه‌ززه‌ نازانێت و درۆزنه‌


وێستگەنیوز-

عه‌دینا موشێ یه‌كێك بوو له‌و ژنانه‌ی پێشتر وه‌ك بارمته‌ لای بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس بوو، له‌ پرۆسه‌ی ئاڵوگۆڕی دیله‌كان له‌ مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو ئازادكرا و بنیامین ناتانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به‌ "درۆزن" وه‌سف ده‌كات.


رۆژنامه‌ی "یه‌دعۆت ئه‌حرونۆت"ی ئیسرائیلی له‌سه‌ر زاری عه‌دینا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌: "ناتانیاهۆ رێكه‌وتنی ناوێت، ناتانیاهۆ درۆزنه‌، ئه‌وه‌ی له‌ مانای خه‌م و خه‌فه‌ت تێبگات، به‌م شێوازه‌ قسه‌ ناكات".

ئه‌و بارمته‌یه‌ی پێشوو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "ناتانیاهۆ و سوپا، ده‌رباره‌ی تونێله‌كانی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌، هیچ شتێك نازانن".

هه‌روه‌ها بۆ پاساوی قسه‌كانی، باس له‌وه‌ ده‌كات سه‌روه‌ختێك له‌ مانگی تشرینی دووه‌می رابردوو ئازادكرا، له‌ لایه‌ن لێكۆڵه‌رێكی ده‌زگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل "شاباك" بانگكراوه‌ و داوای لێكراوه‌ به‌ وردی باسی تونێله‌كان و چۆنیه‌تی لقه‌كانی و رێڕه‌وه‌كانی و شوێنه‌كانیان بكات.

عه‌دینا له‌م باره‌یه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ تونێله‌كانی كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌ڵێت: "زۆر گه‌وره‌ و پێچاوپێچه‌، له‌ ژێر زه‌وی و به‌ ته‌واوی كه‌رتی غه‌ززه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، فشاری سه‌ربازی یارمه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی دیله‌كان نادات".

موشێ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌ندامانی شاباك داوایان لێكردووه‌ وێنه‌ی تونێله‌كانی غه‌ززه‌ بكێشیت، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا پێی وتوون من نیگاركێش نیم. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ موشێ له‌و بڕوایه‌دابێت ئه‌وان هیچ له‌ باره‌ی تونێله‌كانه‌وه‌ نازانن.

كه‌ناڵی هه‌واڵی "كان" رۆژی هه‌ینی رابردوو، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ بڵاویركرده‌وه‌، سوپای ئیسرائیل ته‌كتیكی شه‌ڕكردنی له‌ تونێله‌كانی غه‌ززه‌دا ده‌گۆڕێت، ئه‌م بڕیاره‌ی سوپای ئیسرائیل، دوای كوشتنی شه‌ش بارمته‌كه‌ دێت له‌ ناو یه‌كێك له‌ تونێله‌كان.

كه‌ناڵه‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ نیگه‌رانییه‌كانی سوپا بۆ كاركردن له‌ نێو تونێله‌كان زیادیكردووه‌، هۆكاری ئه‌مه‌ بۆ ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی كوشتنی بارمته‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ حاڵه‌تێكدا ئه‌ندامانی حه‌ماس هه‌ستیان كرد سه‌بازه‌ ئیسرائیلییه‌كان له‌ ناو تونێله‌كه‌دان.


PM:04:15:08/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1968 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت