ئه‌ردۆغان: له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بین


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری توركیا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و پاكتاوی ره‌گه‌زییه‌ی كه‌ ئیسرائیل یه‌ك ساڵه‌ ئه‌نجامی ده‌دات و ئێستاش به‌رده‌وامه‌، دره‌نگ یان زوو ده‌بێ باجه‌كه‌ی بدات. ده‌شڵێت: "له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بین".



ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌ یه‌كه‌مین ساڵی هێرشی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس بۆسه‌ر ئیسرائیل و هێرشی‌ سوپای‌ ئیسرائیل بۆسه‌ر كه‌رتی‌ غه‌ززه‌، په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كرده‌وه‌.

ئه‌ردۆغان وێرای ئاماژه‌دان به‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌م، رایگه‌یاند: "365 رۆژه‌ زۆربه‌ی ژن و منداڵ، به‌ هه‌زاران كه‌س دڕندانه‌ له‌ غه‌ززه‌ كوژراون. نه‌خۆشخانه‌كان، شوێنه‌ ئاینییه‌كان، قوتابخانه‌كان ئیتر وه‌ك خۆیان نه‌ماونه‌ته‌وه‌ و ئیتر زۆریه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و باڵیۆزانی ئاشتی له‌ناوماندا نه‌ماون".

ئه‌ردۆغان وتی: "له‌ غه‌ززه‌، له‌ فه‌ڵه‌ستین و ئه‌مڕۆژانه‌ش له‌ لوبنان، ته‌نیا ژن، منداڵ، ساوا و مه‌ده‌نی‌ نامرن، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مرۆڤایه‌تی و سیسته‌می جیهانییه‌ كه‌ هاوكات ده‌مرێت".

له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها سه‌ركۆمار ئه‌ردۆغان ده‌شڵێت: "نابێ ئه‌وه‌ له‌بیر بكرێت، ئه‌و پاكتاوی ره‌گه‌زییه‌ی كه‌ ئیسرائیل یه‌ك ساڵه‌ ئه‌نجامی ده‌دات و ئێستاش به‌رده‌وامه‌، دره‌نگ یان زوو ده‌بێ باجه‌كه‌ی بدات".

وتیشی: "وه‌ك چۆن هیتله‌ر به‌ رێككه‌وتنێكی مرۆیی راگیرا، ئاواش پێویسته‌ ناتانیاهۆ و تۆڕه‌ تاوانبارییه‌كه‌ی رابگیرێن".

ئه‌ردۆغان راشیگه‌یاند كه‌ "وه‌ك توركیا باجه‌كه‌ی هه‌ر چییه‌ك بێت، له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل به‌رده‌وام ده‌بین و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش به‌ شانازییه‌وه‌ درێژه‌ به‌ هه‌ڵوێسته‌كه‌مان ده‌ده‌ین".


PM:08:03:07/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1052 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت