له یادی 7ی ئۆكتۆبه‌ر،، خالید مشعه‌ل سوپاسی ئێران ده‌كات و داوای كرنه‌وه‌ی به‌ره‌وی نوێ ده‌كات
وێستگەنیوز-
له یه‌كه‌م ساڵیادی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023، بۆ سه‌ر ئۆردوگای جووله‌كه نشینه‌كان و باره‌گا سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل له ده‌ره‌وه‌ی غه‌ززه، خالید مشعه‌ل سه‌رۆكی بزووتنه‌وه‌كه له ده‌ره‌وه‌ی وڵات، پێیوایه ئیسرائیل به درێژایی ساڵێكی ره‌به‌ق له كه‌رتی غه‌ززه شكستیهێناوه.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2024، خالید مشعه‌ل له گوتارێكی وێنه‌ییدا رایگه‌یاند: "پیرۆزبایی له خۆڕاگری دانیشتوانی غه‌ززه ده‌كه‌ین" و پێیوایه ئیسرائیل له ماوه‌ی ساڵێكی ته‌واو له غه‌ززه شكستیهێناوه و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه.
هه‌روه‌ها سوپاسی "هه‌مو ئه‌وانه‌ی كرد له لوبنان و ئێران و یه‌مه‌ن و عێراق، پشتگیری‌یان له غه‌ززه كردووه و له پێناو ئێمه‌دا قوربانیانداوه، له‌سه‌ر هه‌مویانه‌وه حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا سه‌رۆكی حزبوڵڵا".
هاو كات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، پێیوایه ده‌ستكه‌وته‌كانی هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر، بۆ ته‌واوی ناوچه‌كه درێژده‌بێته‌وه و له‌و باوه‌ڕه‌دایه دۆزی فه‌له‌ستینی هێنایه‌وه بۆ ریزی پێشه‌وه، ئه‌گه‌رچی له‌و پێناوه‌دا قوربانییه‌كی زۆر دراوه.
مشعه‌ل له گوتاره‌كه‌یدا باس له‌وه ده‌كات تۆفانی ئه‌قسا، ژیانی گه‌ڕانده‌وه بۆ غه‌ززه و بۆ دۆزی فه‌له‌ستین و ئیسرائیلی گه‌ڕانده‌وه بۆ خاڵی سفر و هه‌نووكه ئیسرائیل له قه‌یرانێكی قووڵی وجودیدا ده‌ژی و ئیسرائیلییه‌كان متمانه‌یان به خۆیان له‌ق بووه.
هه‌روه‌ها پێداگریی ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیلییه‌كان له‌و بڕوایه‌دان حه‌ماس سه‌ركه‌وتووه و هێرشه‌كه‌ی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ر وێنه‌ی راسته‌قینه‌ی ئیسرائیلی له به‌رده‌م جیهاندا ده‌رخست و داهێنانی مقاوه‌مه‌ی خسته‌ڕوو.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد له‌و به‌رواره‌وه، واته له حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، وێنه‌ی هه‌یبه‌ت و سامی ئیسرائیل تێكشكاوه، ئه‌گه‌رچی به‌م دواییانه ئیسرائیل توانی له لوبنان، هه‌ندێك ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ستبێنێت.
خالید له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا له‌و باوه‌ڕه‌دایه ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت زیانه‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه، زیانێكی ته‌كتیكییه. به‌ڵام زیانه‌كانی ئیسرائیل زیانێكی ستراتیژییه.
جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه له كاروانی رزگاری و سه‌رفرازیدا، به‌خشینی باجی گرانبه‌ها كارێكی پێویسته و په‌یامی تۆفانی ئه‌قسا، پێمانده‌ڵێت: " "یه‌كگرتنی به‌ره‌كانی مقاوه‌مه، ده‌بێته هۆی به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتن و په‌رتوبڵاوكردنی تواناكانی ئیسرائیل"، هه‌ر بۆیه داوای كردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی نوێ ده‌كات، له‌وانه‌ش كردنه‌وه‌ی به‌ره‌ی كه‌رتی خۆرئاوا.
مشعه‌ل له كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، داوا له دانیشتوانی غه‌ززه ده‌كات خۆراگر و پشوودرێژبن و سه‌ركه‌وتن به‌رێوه‌یه، ئه‌گه‌رچی دواشبكه‌وێت. ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه حه‌ماس له پیناو راگرتنی شه‌ڕه‌كه، به‌رده‌وام هه‌وڵیداوه بگه‌ن به رێكه‌وتن، به‌ڵام هه‌میشه لایه‌نی ئیسرائیلی به‌ربه‌ستی بۆ دروستكردووه.
هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌و گوتاره‌دا، حزبوڵڵای لوبنانی به بۆنه‌ی یادی حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تێیدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه "به‌رده‌وام ده‌بێت له به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژییه‌كانی ئیسرائیل، ئه‌گه‌رچی باجه‌كه‌شی هێجگار قورسه".
هه‌روه‌ها حزبوڵلای لوبنانی پێیوایه ئیسرائیل له ناوچه‌كه‌دا "گرێیه‌كی شێرپه‌نجه‌ییه" و پێویسته "له ریشه‌وه هه‌ڵكه‌ندرێت ئه‌گه‌رچی كاتێكی زۆریشی پێبچێت".
PM:02:05:07/10/2024
ئه‌م بابه‌ته 1340
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت