رۆیته‌رز: دوای هێرشه‌كانی به‌یروت په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسماعیل قائانی پچڕاوه‌


وێستگه‌نیوز-

ئاژانسی‌ رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ هه‌ینی‌ سوپای‌ ئیسرائیل بۆسه‌ر به‌یروتی‌ پایته‌ختی‌ لوبنان، په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران پچڕاوه‌.

ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ زاری دوو به‌رپرسی باڵای ئاسایشی ئێرانه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران دوای كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا سه‌ردانی‌ لوبنانی‌ كردووه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵی پچڕاوه‌.

یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌كان به‌ رۆیته‌رزی وتووه‌ كه‌ "له‌كاتی هێرشێكی‌ ئیسرائیلدا كه‌ هاشم سه‌فیه‌دین سه‌ركرده‌ی‌ باڵای حزبوڵا كرایه‌ ئامانج، قائانی له‌ باشوری به‌یروت بووه‌، به‌ڵام چاوی به‌ سه‌فیه‌دین نه‌كه‌وتووه‌".

ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ ده‌شڵێت: "ئێران و حزبوڵا له‌و كاته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ په‌یوه‌ندی به‌ به‌ قائانیه‌وه‌ بكه‌ن".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ تری‌ ئێران-یش بۆ ئاژانسه‌كه‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "ئیسماعیل قائانی دوای كوژرانی نه‌سڕوڵا گه‌شتی بۆ لوبنان كردووه‌ و له‌وه‌ته‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر سه‌فیه‌دین ئه‌نجامدرا كه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرا ببێته‌ ئه‌مینداری داهاتوی حزبوڵا، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران نه‌یانتوانیوه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ن".

حیزبوڵڵا تا ئێستا هیچ لێدوانێكی له‌سه‌ر سه‌فیه‌دین نه‌داوه‌، موقه‌ده‌م ناداڤ شۆشانی وته‌بێژی له‌شكری ئیسرائیلیش له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئیسماعیل قائانی له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروت كوژرابێت، وتی، "هێشتا ئه‌نجامی هێرشه‌كان له‌ ژێر هه‌ڵسه‌نگاندندایه‌".

وتیشی: "ئیسرائیل له‌ كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردودا هێرشێكی كرده‌ سه‌ر باره‌گای هه‌واڵگری حزبوڵا له‌ به‌یروت، كاتێك ئه‌نجامی وردتر له‌و بۆردومانانه‌مان به‌ده‌ست هێنا، بڵاویده‌كه‌ینه‌وه‌، پرسیاری زۆر هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كێ له‌وێ بوه‌ و كێ له‌وێ نه‌بووه‌".

فه‌یله‌قی‌ قودس، باڵی ده‌ره‌وه‌ی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌، سه‌رپه‌رشتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ هاوپه‌یمانی تاران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك حزبوڵا ده‌كات.


PM:10:33:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت