له‌ بەیروته‌ یان له‌ تاران،، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌یله‌قی قودس چاره‌نووسی قائانی ئاشكراده‌كات


وێستگەنیوز-


تائێستا چاره‌نووسی سه‌رۆكی فه‌یله‌قی قودس له‌ سوپای پاسدارانی ئێران، نادیار و ته‌مومژاوییه‌، كه‌چی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئێرانی زانیاری نوێ ئاشكرا ده‌كات.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ فه‌یله‌قی قودس كه‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانه‌، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێك میدیای ئیسرائیلی و میدیاكانی دیكه‌ بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ و باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن قائانی له‌ بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كێكی باشوری بەیروت كوژراوه‌ یان برینداربووه‌، یان له‌وانه‌یه‌ له‌ لوبنان ده‌ستبه‌سه‌ركرابێت.


سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ئاژانسی "خوێندكارانی‌" ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات قائانی، دوای كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵڵا، له‌ تاران و له‌ نووسینگه‌ی نوێنه‌ری حزبوڵڵای لوبنانی ده‌ركه‌وتووه‌.


هه‌روه‌ها ره‌تیده‌كاته‌وه‌ سه‌رۆكی فه‌یله‌قی قودس سه‌فه‌ری بەیروتی كردبێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ كه‌ناڵی سێی سه‌ر به‌ ته‌له‌فزیۆنی ئێرانی، باس له‌وه‌ ده‌كات قائانی سه‌لامه‌ته‌ و له‌ تارانه‌.


هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، پێشتر سێ به‌رپرسی ئێرانی، ئاشكرایان كرد هه‌فته‌ی رابردوو، قائانی رۆشتووه‌ بۆ بەیروت، تاكو چاوی به‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی حزبوڵڵا بكه‌وێت و ئازاری ئه‌و لێدانانه‌ كه‌مبكاته‌وه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسرائیل به‌ حزبوڵڵا گه‌یشتووه‌، له‌وانه‌ كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا له‌ 28ی ئه‌یلول، له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ عه‌لی كه‌ركی، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كوشتنی عه‌باس نیلفرۆشان كه‌ له‌ مانگی ئابی رابردوو، كرایه‌ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوپای پاسداران له‌ لوبنان و سوریا، دوای كوشتنی محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی.


یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی سوپای پاسداران كه‌ له‌ پایته‌ختی لوبنانه‌، ده‌ڵێت بێده‌نگی به‌رپرسه‌ باڵاكانی ئێران، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی قائانی، ترس و نیگه‌رانییه‌كی زۆری له‌ ریزه‌كانی فه‌یله‌قی قودس بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.


قائانی ته‌مه‌ن 67 ساڵ كه‌ له‌ ساڵی 2020وه‌، چووه‌ته‌ شوێنی قاسم سوله‌یمانی، بۆ دواجار له‌ رۆژی 29ی ئه‌یلول، واته‌ دوو رۆژ دوای كوشتنی نه‌سروڵڵا، له‌ نووسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حزبوڵڵا له‌ تاران عه‌بدوڵڵا سه‌فێدین كه‌ برای هاشم سه‌فێدینه‌، بینراوه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوونی قائانی له‌ وتاری رۆژی هه‌ینی رابه‌ری باڵای ئێران عه‌لی خامنه‌یی، بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی نه‌سروڵڵا، پرسیاری زۆری خستووه‌ته‌وه‌.


هه‌ندێك له‌ چاودێران ئاماده‌نه‌بوونی قائانی له‌و رۆژه‌دا، بۆ كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی ئه‌منی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ به‌م دواییانه‌ تاران جێبه‌جێیان ده‌كات، وه‌ك خۆپاراستنێك بۆ ئه‌و جۆره‌ له‌ هێرشی موشه‌كی ئیسرائیل كه‌ رۆژی سێ شه‌ممه‌ی رابردوو ئه‌نجامیدا.



PM:02:14:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 5552 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت