حزبوڵڵای لوبنان: لە رۆژی ھەینی رابردووەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ھاشم سەفیەدین پچڕاوە


وێستگەنیوز_

ئەمڕۆ یەکشەممە 6ـی 10ـی 2024، حزبوڵڵای لوبنان رایگەیاندووە، لە رۆژی ھەینی رابردووەوە پەیوەندییان لەگەڵ ھاشم سەفیەدین پچڕاوە، ئەمەش پاش ئەوە دێت، ئیسرائیل جەختدەکاتەوە لەوەی، "سەفیەدین لە ھێرشێکدا کوژراوە."

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس؛ کە لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حزبوڵڵای لوبنان'ـەوە بڵاویکردووەتەوە ئاشکرای کردووە، حزبوڵلا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھاشم سەفیەدین، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکار و کاندیدی بەھێز بۆ جێگرەوەی نەسروڵڵا پچڕاوە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای بۆردومانەکە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی رێگری کردووە لە گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری بۆسەر ئەو ناوچەیەی کە سەفیەدینی تێدا کراوەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشکردووە، هێشتا حزبوڵلا؛ نازانێت سەفیەدین لەو شوێنەدا بووە یان کێی لەگەڵدا بووە، بەڵام ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە کە "پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوبراودا پچڕاوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل دڵنیایی لە کوشتنی جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا دەدات و میدیاکانی ئەو وڵاتە لە زاری سەرچاوە سەربازییەکانەوە بڵاویانکردووەتەوە کە ئەو ھێرشەی کردوویانەتە سەر ئەو شوێنەی بارەگای ھەواڵگری حزبوڵڵا بووە لە باشووری لوبنان؛ و ھاشم سەفیەدینی کاندید بۆ جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵای لێبووە، ھێندە بەھێز بووە ئەستەمە رزگاری بووبێت و دڵنیان لەوەی کە "سەفیەدین و سەرجەم یاوەرەکانی لەو ھێرشەدا کوژراون."

ئاماژە بەوەشکراوە، سوپای ئیسرائیل لەو ھێرشەدا 73 تۆن بۆمبی بەکارھێناوە و بارەگا ھەوڵگرییەکەی حزبوڵڵا وێرانکراوە و ھەر کەسێکی تێدابووبێت رزگاری نەبووە و کوژراوە.


AM:10:57:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت