تەنها شەوی رابردوو ئیسرائیل زیاتر لە 30 هێرشی کردووەتە سەر لوبنان


وێستگەنیوز_

درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمرۆ یەکشەممە 6ـی 10ـی 2024، ئیسرائیل زیاتر لە 30 ھێرشی بۆ سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان ئەنجامدا و میدیاکانیش ئاماژە بەوەدەکەن، "ئیسرائیل هەرەشەی چڕکردنەوەی هێرشەکانی دەکات."

شەوی رابردوو، لوبنان بە گشتی و بەیروتی پایتەخت بە تایبەتی، شەوێکی پڕ لە ناڵە و دەنگی بەرزی موشەکەکانی ئیسرائیلی تێپەڕاند. سوپای ئیسرائیل زیاتر لە 30 ھێرشی ئاسمانی بۆسەر ناوچەکانی حار حورەیک، سەفیر، مەریجە، غوبەیری، بورجولبەراجنە، شوەیفات و عەمروسیە لە بەیروت ئەنجامدا.

بەپێی ئامارەکانش، هێرشەکانی شەوی رابردوو زۆرترین ھێرش بووە لە 13 رۆژی رابردووی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، ئێوارەی دوێنێ شەممە؛ 5ـی 10ـی 2024،  ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل نەخشەی ئەو شوێنانەی بڵاوکردووەتەوە کە بۆردومانی دەکەن و داوای لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە کردووە 500 مەتر لە بینا و باڵەخانەکان دووربکەونەوە کە بەوتەی خۆی"پێگەی حزبوڵان".

بەپێی سەرچاوە ئەمنیەکانی ئیسرائیل، یەکێک لەو ئامانجانەی کە بۆردومانیان کردووە، "کۆگای چەک و سووتەمەنی حزبوڵا بووە بەجۆرێک دوای نیو سەعات لە بۆردومانەکە، ھێشتا دەنگی تەقینەوە لە شوێنەکە بیستراوە و بۆ ماوەیەکی زۆر ئاگرەکەی نەکوژاوەتەوە."

لای خۆشییەوە، بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، شەوی رابردوو رایگەیاند، ئێران لە پشت هەموو ئەو هێرشانەوەیە کە لە غەززە، لوبنان، یەمەن، سووریا و عێراقەوە دەکرێنە سەرمان و سنوورێکی بۆ دادەنێین. دووپاتیشیدەکەینەوە، "ئێران دووجار بە موشەکی بالیستیک هێرشی کردووەتە سەرمان و ئەرکی خۆمانە وەڵامی بدەینەوە و ئەو کارەش دەکەین."


AM:09:41:06/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت