"ئەوەی ئەمجارە ئیسرائیل لەناو ئێران وێرانی دەکات ناوەندە ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییەکان دەبێت"


وێستگەنیوز_ هێڤار هیوا

ئیهود باراک، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، "پێدەچێت ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر پیشەسازی نەوتی ئێران و ناوەندە ئەتۆمییەکەی بکات."

ئیهود باراک بە رۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی راگەیاندووە، گومان لەوەدا نییە ئیسرائیل لە وەڵامی هێرشەکانی ئێران کە لە رۆژی سێشەممەدا بە زیاتر لە 180 مووشەکی بالیستی ئەنجامیدا، هێرشێكی گەورە و وەڵامێکی تووندی دەبێت."

باسی لەوەشکردووە، ئیسرائیل توانایەکی زۆری هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە؛ هیچ وڵاتێکیش کە سەروەری خاکەکەی پێشێلکرا، بێ وەڵام نامێنێتەوە."

جەختیش دەکاتەوە لەوەی، "هەر وڵاتێک هێرش بکرێتە سەر خاکەکەی و وەڵامی نەبێت، 
ھیچ رێز و سەروەرییەکی نابێت، پێویستە ئیسرائیلیش وەڵامێکی زۆر توندی بۆ ھێرشە مووشەکییەکەی چەند رۆژی رابردووی ئێران ھەبێت و تۆڵەی خۆی بکاتەوە".

ئاشکراشیکردووە، بەپێی زانیارییەکان؛ ھێرشی ئەمجارەی ئیسرائیل بۆسەر ناوەندە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە نابێت و ئەگەر بەو شێوەیەش بێت تەنھا ھێرشێکی رەمزی دەبێت، بەڵکو ئەوەی ئەمجارە ئیسرائیل لەناو خاکی ئێران وێرانی دەکات، ناوەندە ئەتۆمی و دامەزراوە نەوتییە گەورەکان دەبێت.


PM:09:30:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت