ئیسرائیل لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ چاره‌نووسی ئیسماعیل قائانی ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
میدیاكانی‌ ئیسرائیل بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری‌ برینداربوونی‌ ئیسماعیل قائانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران له‌ هێرشه‌كه‌ی‌ دوێنێی‌ باشووری‌ لوبنان ده‌كات.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 5/10/2024 كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیلی رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌گه‌ری برینداربوونی ئیسماعیل قائانی ده‌كات له‌ هێرشه‌كه‌ی‌ به‌ره‌به‌یانی‌ دوێنێ هه‌ینی‌ بۆ كوشتنی‌ هاشم سه‌فیه‌دین، سه‌ركرده‌ی‌ باڵای‌ حزبوڵای‌ لوبنان و یه‌كێك له‌ كاندیده‌كان بۆ شوێنگرتنه‌وه‌ی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا له‌ به‌یروت.

به‌گوێره‌ی میدیا ئیسرائیلییه‌كان، قائانی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌یشتووه‌ته‌ لوبنان و له‌دوای هه‌وڵی‌ كوشتنی‌ هاشم سه‌فیه‌دین هیچ هه‌واڵێك له‌سه‌ری نه‌بووه‌ و دوێنێ له‌ نوێژی هه‌ینی له‌ تاران ده‌رنه‌كه‌وتووه‌.

شه‌وی پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینی‌ سوپای ئیسرائیل كۆبوونه‌وه‌یه‌كی حزبوڵای‌ له‌ باشووری به‌یروت كرده‌ ئامانج كه‌ سه‌ركرده‌كانی حزبوڵا و هه‌ندێك به‌رپرسی‌ ئێرانی تێدابوو.

كه‌ناڵی 12ی ئیسرائیل جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هێرشه‌ "نائاساییه‌كان" له‌ باشووری‌ به‌یروت به‌ ئامانجی كوشتنی‌ "شوێنگره‌وه‌كه‌ی‌ نه‌سروڵا" بووه‌.

له‌به‌رامبه‌ردا ماڵپه‌ڕی‌ به‌غداد ئه‌لیه‌ومی‌ عێراقی‌ له‌زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ژه‌نه‌راڵ قائانی له‌ تارانه‌ و دوای كوشتنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری‌ گشتی حزبوڵای لوبنان له‌ نووسینگه‌ی حزبه‌كه‌ له‌ به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان ده‌ركه‌وتووه‌”.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ژه‌نه‌ڕاڵ قائانی له‌ تارانی پایته‌خته‌ و وه‌ك میدیا زایۆنیستییه‌كان باسی ده‌كه‌ن، گه‌شتی‌ بۆ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان نه‌كردووه‌".

لای خۆیه‌وه‌ كه‌ناڵی 3ی ته‌له‌فزیۆنی ئێران هه‌واڵی كوشتن یان برینداربوونی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس ژه‌نه‌راڵ ئیسماعیل قائانی ره‌تكرده‌وه‌ و پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ جه‌نه‌ڕاڵ قائانی له‌ تاران بووه‌.


PM:03:17:05/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت