"ته‌رمه‌كه‌ی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا به‌نهێنی به‌خاك سپێردرا"


وێستگه‌نیوز-
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ حزبوڵای لوبنانی‌ رایگه‌یاند كه‌ ته‌رمی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا سه‌رۆكی كۆچكردووی حزبوڵا "به‌شێوه‌یه‌كی كاتی" له‌ شوێنێكی "نهێنی" به‌ خاك سپێردرا.


ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ سه‌رچاوه‌كه‌ به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی وت كه‌ "به‌هۆی‌ هه‌ڕه‌شه‌ و هێرشه‌كانی‌ ئیسرائیله‌وه‌، ته‌رمی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا كه‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیلدا كوژرا، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به‌خاك سپێردرا".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ ئاماده‌نه‌بووه‌ ناوه‌كه‌ی‌ ئاشكرا بكات ده‌ڵێت: "ته‌رمه‌كه‌ی‌ نه‌سروڵا به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و به‌ ئه‌مانه‌ت له‌ شوێنێكی نهێنیدا به‌خاك سپێردرا".

وتیشی‌: "چاوه‌ڕوانی دۆخێكی‌ گونجاو ده‌كه‌ین تا له‌ ڕێوڕه‌سمێكی‌ جه‌ماوه‌ریدا به‌خاك بسپێردرێت".

به‌پێی‌ ئاژانسی‌ فرانس پرێس، هۆكاری‌ به‌خاكسپاردنی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌ نه‌سروڵا به‌وشێوه‌یه‌ مه‌ترسییانه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئیسرائیل بۆ به‌ ئامانجگرتنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ ئاماده‌ رێوره‌سمی‌ به‌خاك سپاردنه‌كه‌ی‌ ده‌بن.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ گروپه‌كانی به‌ره‌ی‌ موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی‌،  دوو رۆژ دوای كوژرانی‌، ته‌رمی حه‌سه‌ن نه‌سڕوڵا له‌ یه‌كێك له‌ گۆڕستانه‌كانی لوبنان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر نهێنی به‌خاك سپێردراوه‌.

هه‌ینی‌ رابردوو سوپای‌ ئیسرائیل هێرشێكی‌ توندی‌ كرده‌سه‌ر باشووری‌ به‌یروت و بۆ رۆژی‌ دواتر كوژرانی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ راگه‌یاند.




PM:12:28:04/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 5580 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت