"له‌دوای‌ كوشتنی‌ نه‌سروڵا، ئیسماعیل قائانی‌ دیار نه‌ماوه‌"


وێستگه‌نیوز-
به‌پێی‌ راپۆرتێكی‌ دوو كه‌ناڵی‌ سعودیه‌، پێده‌چێت ئه‌و دزه‌كردنانه‌ی‌ سوپای‌ ئیسرائیل كه‌ له‌ڕێیه‌وه‌ توانی‌ شوێنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ و ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس دیاری‌ بكات و هێرش بكاته‌سه‌ریان و له‌ناویان ببات، له‌ ڕێگه‌ی خودی ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران، یان له‌ ڕێگه‌ی به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ی به‌ ناوی "ئیحسان"، یاخود له‌ ڕێگه‌ی ئاسایشی خۆپارێزی له‌ فه‌یله‌قی‌ قودسه‌وه‌ بووبێت.


هه‌ردوو كه‌ناڵی‌ "ئه‌لعه‌ره‌بیه‌" و "ئه‌لحه‌ده‌س"ی‌ سعودی‌ له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه‌ بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ دوای هێرشه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل بۆسه‌ر باشووری‌ به‌یروت و كوشتنی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنان و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی‌ تری‌ ئه‌و حزبه‌ و به‌رپرسێكی‌ سوپای‌ پاسداران، ئیسماعیل قائانی فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودس خراوه‌ته‌ژێر چاودێری و گۆشه‌گیرییه‌وه‌.

ئیسماعیل قائانی له‌ كوێیه‌؟

له‌ كاتێكدا ماوه‌یه‌كه‌ ئیسماعیل قائانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فه‌یله‌قی‌ قودس له‌به‌رچاوی‌ كامێراكان دیار نه‌ماوه‌ و هیچ هه‌واڵێكی‌ بڵاوناكرێته‌وه‌، ئه‌و پرسیاره‌ خۆی‌ ده‌سه‌پێنێت كه‌ ئایا ناوبراو له‌ كوێیه‌؟


دوایین ده‌ركه‌وتنی قائانی‌ له‌ نووسینگه‌ی‌ عه‌بدوڵا سه‌فیه‌دین نوێنه‌ری حزبوڵای لوبنان له‌ تاران بوو، به‌دیاریكراوی‌ دوو رۆژ دوای‌ كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنان، له‌ هێرشێكی‌ ئاسمانی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر باشووری به‌یروت.

ئایا دیارنه‌مانی قائانی ئاساییه‌؟

"ئه‌لعه‌ره‌بیه‌" و "ئه‌لحه‌ده‌س" له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌دوای هێرشه‌كه‌ی 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، قائانی چه‌ند جارێك چووه‌ته‌ عێراق و سوریا و لوبنان كه‌ 3 جار سه‌ردانی كردووه‌ و له‌ هه‌موو سه‌ردانه‌كاندا قائانی له‌گه‌ڵ نه‌سروڵا و فوئاد شوكر كه‌ له‌ كۆتایی ته‌مموزی رابردوودا له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كوژرا، كۆبووه‌ته‌وه‌.

له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی حزبوڵای لوبنان له‌ باشووری به‌یروت كه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ كرایه‌ ئامانج، قائانی ئاماده‌بووانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئاگاداركردۆته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ی به‌ناوی "ئیحسان" په‌یوه‌ندییان پێوه‌ده‌كات و به‌شداری‌ كۆبوونه‌كه‌ ده‌بێت، به‌ڵام دواتر داوای لێبوردنی كردووه‌ كه‌ ناتوانێت به‌شداری‌ بكات.

دواتر هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆسه‌ر ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی‌ حزبوڵا كه‌ قائانی و به‌رپرسی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌ به‌شدارییان تێدا نه‌كرد، ئه‌نجام درا.

ئه‌وه‌ی روویدا قائانی خسته‌ بازنه‌ی شك و گومانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك دیارنه‌مانی ئه‌ویان به‌سته‌وه‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی‌ كوشتنی نه‌سروڵا.

سیناریۆكانی دزه‌كردن.. و "ئیحسان" كێیه‌؟

به‌گوێره‌ی‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ ئه‌و دوو كه‌ناڵه‌ سعودیه‌، گومانده‌كرێت كه‌ دزه‌كردنه‌كه‌ی‌ ئیسرائیل و ئاشكرابوونی‌ شوێنی‌ نه‌سروڵا بۆیان، له‌ ڕێگه‌ی خودی ئیسماعیل قائانی، یان له‌ ڕێگه‌ی به‌رپرسی نووسینگه‌ی قائانی "ئیحسان"، یاخود له‌ رێگه‌ی ئاسایشی خۆپارێزی له‌ سوپای قودسه‌وه‌ بووبێت.

ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ له‌ناو خودی‌ حزبوڵای‌ لوبنانیشه‌وه‌ بۆچوونێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ڕێی‌ قائانییه‌وه‌ ئیسرائیل دزه‌ی‌ كردووه‌ته‌ناو ریزه‌كانی‌ حزبوڵاوه‌ و نهێنییه‌كانی‌ زانیوه‌.

به‌ڵام ناوه‌نده‌كانی ئێران پێیان وایه‌ ره‌نگه‌ دزه‌كردنه‌كه‌ له‌ڕێی‌ "ئیحسان" به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ی بووبێت نه‌ك قائانی، كه‌ ئه‌ویش پێیوایه‌ كه‌ ئه‌منییه‌تی خۆپارێزی له‌ سوپای قودس كه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، لایه‌نی دزه‌پێكراوه‌كه‌یه‌.

به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مانگی نیسانی ڕابردوو، ئاماده‌بوونی‌ قائانی له‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی "به‌ڵێنی راسته‌قینه‌ی یه‌ك"، كاتێك ئێران وه‌ڵامی به‌ ئامانجكردنی كونسوڵخانه‌كه‌ی له‌ دیمه‌شق دایه‌وه‌، جێی‌ سه‌رنج بوو.

له‌و كاته‌دا ناوبراو به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و چاوپێكه‌وتنی ڕۆژنامه‌وانی و ته‌له‌فزیۆنی ئه‌نجامدا.

 له‌به‌رامبه‌ردا قائانی له‌ ڕاگه‌یاندنی "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی به‌ڵێنی ڕاسته‌قینه‌ی دوو"دا ده‌رنه‌كه‌وت، كه‌ له‌ وه‌ڵامی كوشتنی ئیسماعیل هه‌نیه‌ و نه‌سروڵڵا و عه‌باس نیلفروشاندا ئه‌نجام درا.

بۆیه‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ "ئه‌لعه‌ره‌بیه‌" و "ئه‌لحه‌ده‌س"ی‌ سعودی‌ پێیانوایه‌ كه‌ قائانی خراوه‌ته‌ژێر چاودێری و كه‌نارگیرییه‌وه‌.


AM:11:03:04/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 3960 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت