وێنه‌كان قه‌باره‌ی‌ زیانه‌كانی سه‌ربازگه‌یه‌كی ئیسرائیلی دوای هێرشه‌كه‌ی ئێران ئاشكرا ده‌كه‌ن


وێستگه‌نیوز-
ئه‌و وێنانه‌ی‌ به‌ مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان گیراون، ئه‌و زیانانه‌یان ئاشكرا كرد كه‌ به‌هۆی‌ هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران به‌ بنكه‌یه‌كی ئاسمانی ئیسرائیل گه‌یشتووه‌.


شه‌وی‌ سێشه‌ممه‌ له‌سه‌ر چوارشه‌ممه‌ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێران هێرشێكی‌ مووشه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ كرده‌سه‌ر ئیسرائیل.

وێنه‌كانی "پلانێت لابس" كه‌ له‌لایه‌ن "ئه‌سۆشێتد پرێس"ه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ لانیكه‌م پێكانێك له‌ شوێنی‌ فڕۆكه‌كان و یه‌كێكی دیكه‌ش له‌ نزیك رێڕه‌وی فڕینی‌ بنكه‌ی نیڤاتیم كه‌ سه‌ر به‌ هێزی ئاسمانی ئیسرائیله‌، هه‌ن.

هێشتا روون نییه‌ كه‌ ئایا زیانه‌كان راسته‌وخۆ به‌هۆی مووشه‌كی بالیستی ئێرانه‌وه‌ بووه‌ یان پارچه‌ی‌ مووشه‌كه‌كانه‌ دوای رێگرییه‌كانی‌ ئیسرائیل.

سوپای ئیسرائیل رۆژی چوارشه‌ممه‌ پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی هێرشه‌كه‌دا چه‌ند بنكه‌یه‌كی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام رایگه‌یاند كه‌ هیچ چه‌ك و سه‌رباز و فڕۆكه‌یه‌ك نه‌پێكراون.

به‌پێی ئه‌و وێنانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن "پلانێت لابس"ه‌وه‌ گیراون، مووشه‌كێك به‌ر شوێنی‌ فڕۆكه‌كان كه‌وتووه‌ و مووشه‌كێكیش له‌سه‌ر رێگایه‌كی پشته‌وه‌ی نزیك رێڕه‌وی فڕین، چاڵێكی‌ دروست كردووه‌.

رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئیسرائیلی پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ له‌و مووشه‌كانه‌ی ئێران كه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ سه‌ر خاكی ئیسرائیل، یه‌كێكیان به‌ر بنكه‌یه‌كی ئاسمانی سه‌ر به‌ سوپا كه‌وتووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت: "هیچ زیانێك به‌ فڕۆكه‌ و توانا سه‌ربازییه‌كان نه‌گه‌یشتووه‌ و فڕكه‌كان ده‌توانن به‌رده‌وام بن له‌ كاره‌كانیان".

به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ش، وه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ روونی ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی ئه‌و هێرشانه‌ی‌ كه‌ سوپای ئیسرائیل دواتر دوای كۆتاییهاتنی هێرشه‌ مووشه‌كییه‌كه‌ی ئێران ده‌ستی پێكرد، فڕۆكه‌كان له‌ هه‌موو بنكه‌كانی هێزی ئاسمانی نیشتنه‌وه‌ و هه‌ڵفڕین.

به‌پێی سه‌رچاوه‌كه‌، له‌ هه‌مان كاتدا یه‌كه‌ كارگێڕییه‌كان هه‌ندێك زیانیان به‌ركه‌وتووه‌، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر تواناكانی ئۆپه‌راسیۆن هه‌بێت.


PM:05:03:03/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت