ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ئێران بڕیاری‌ دا

‌دوو فڕۆکەی جەنگی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل

وێستگه‌نیوز-
ده‌سته‌ی‌ په‌خشی ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ئاسایشی ئیسرائیل (كابینه‌ی حكومه‌ت) بڕیاریدا وه‌ڵامێكی‌ توندی‌ هێرشه‌كه‌ی ئێران بدرێته‌وه‌.


شه‌وی رابردوو ئێران 180 مووشه‌كی ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرد. به‌هۆیه‌وه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ئیسرائیل زه‌نگی‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ لێدرا و ئاسمانی ئیسرائیل داخرا.

ده‌سته‌ی‌ په‌خشیی‌ ئیسرائیل ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا كه‌ له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و ئه‌منی وتووێژ ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ی ئیسرائیل.

سه‌رچاوه‌ سیاسییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ وه‌ڵامدانه‌كه‌ توند ده‌بێت، به‌ڵام هه‌مان سه‌رچاوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل نابێته‌ هۆی شه‌ڕێكی ناوچه‌یی له‌گه‌ڵ ئێران.

هێزی ئاسمانی ئیسرائیل جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ هێرشه‌كه‌ی شه‌وی‌ رابردووی‌ ئێراندا هیچ كه‌سێكی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی و فڕۆكه‌یه‌ك زیانی پێنه‌گه‌یشتووه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌ڵه‌یه‌ به‌ پاڵنه‌ری (تۆڵه‌كردنه‌وه‌) مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت، به‌ڵكو ده‌بێت به‌پێی پلانێكی به‌رنامه‌بۆداڕێژراو كاری‌ له‌گه‌ڵ‌ بكرێت".

له‌ كاتی‌ هێرشه‌كه‌دا ئه‌مریكا، فه‌ره‌نسا و وڵاتانی دیكه‌ وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌كی به‌رگریكارانه‌ مامه‌ڵه‌یان كرد و یارمه‌تی ئیسرائیلیان دا بۆ رێگریكردن له‌و مووشه‌كه‌ بالیستییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ئاراسته‌ی‌ ئیسرائیل كرابوون.

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، مووشه‌كه‌كانی ئێران زیانیان به‌ توانا و كارایی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل نه‌گه‌یاندووه‌.

رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه‌ په‌یامی بۆ ئێران ناردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هێرشێك ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ری زۆره‌ له‌ وه‌ڵامدا هێرش بكرێته‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمی و نه‌وتییه‌كانی ئێران.


PM:11:38:02/10/2024


ئه‌م بابه‌ته 5364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت