ئێران سه‌باره‌ت به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ ئیسرئیل بڕیاری‌ دا


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 30ی ئه‌یلولی 2024، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ تاران بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی ئیسرائیل، چه‌كدار نانێرێت بۆ لوبنان و غه‌ززه‌.

ناسر كه‌نعانی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌ندا ئێران هیچ یه‌كێك "له‌ كاره‌ تاوانكارییه‌كه‌ی" ئیسرائیل بێ وه‌ڵام به‌جێناهێڵێت، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا و جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له‌ لوبنان.

رۆژی هه‌ینی عه‌باس نیلفرۆشان جێگری فه‌رمانده‌ی پاسداران، له‌ بۆردومانێكی ئیسرائیل بۆ سه‌ر به‌یروت‌ كوژرا، هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان ئه‌و بۆردومانه‌دا، حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵای لوبنانیش كوژرا.

زیادبوونی هێرش و بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر گروپی حزبوڵا له‌ لوبنان و گروپی حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ شه‌ڕه‌كه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌ كۆنترۆڵ ده‌رچیت و ئێران و ئه‌مریكا بێنه‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌.

كه‌نعانی له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌ هه‌فتانه‌ییه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: "به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، به‌ شێوه‌یه‌ك ره‌فتار ده‌كه‌ین دوژمن په‌شیمان بێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌نجامیداوه‌".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد ئێران هه‌وڵی شه‌ڕكردن نادات، به‌ڵام له‌ شه‌ڕ ناترسێت.

كه‌نعانی باس له‌وه‌ ده‌كات ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی لوبنان، به‌ چڕی و زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ مه‌سه‌له‌كان ده‌كات، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ كوشتنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا و نیلفرۆشان.

لای خۆیه‌وه‌ لیوا حسێن سه‌لامی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران، جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌:"تیرۆركردنی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبوڵا و عه‌مید عه‌باس نیلفرۆشان فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌ لوبنان كه‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانه‌، گۆڕانێك و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی له‌ جیهانی ئیسلامیدا هێناوه‌ ته‌ئارا".

لیوا سه‌لامی له‌ ماڵه‌كه‌ی عه‌مید نیلفرۆشان له‌ پارێزگای ئه‌سفه‌هان، له‌ لێدوانێكدا وتی: "خوێنی حه‌سن نه‌سروڵا و عه‌مید نیلفرۆشان زۆر به‌نرخه‌، له‌سه‌ر رێگای ئه‌و شه‌هیدانه‌ به‌رده‌وام ده‌بین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ "خوێنێكی به‌نرخ له‌سه‌ر ئه‌م خاكه‌ رژاوه‌، شه‌هیدبوون باشترین چاره‌نووسه‌ بوو كه‌ به‌سه‌ر هه‌ردووكیاندا هاتووه‌".


PM:05:18:30/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 4620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو