دووه‌م پیاوی سوپای پاسداران كێییه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا كوژرا؟


وێستگه‌نیوز-
عه‌باس عراقچی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند كوشتنی‌ عه‌باس نیلفرۆشان جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران له‌ به‌یروت، له‌ ئه‌ستۆی ئیسرائیلدایه‌.


وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسینگه‌ی رۆژنامه‌وانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، عراقچی له‌ پرسه‌نامه‌یه‌كدا بۆ فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران "حسێن سه‌لامی" ده‌ڵێت: "تاوانی كوشتنی عه‌مید نیلفرۆشان به‌ بێ وه‌ڵام تێناپه‌ڕێت".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران: "سه‌رجه‌م ده‌رفه‌ته‌ سیاسی و دیپلۆماسی و یاساییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌كارده‌هێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی تاوانباران و ئه‌وانه‌شی پشتگیرییان ده‌كه‌ن، بدرێنه‌ دادگا".

دوێنێ شه‌ممه‌ 28ی ئه‌یلولی 2024، حزبوڵای لوبنان كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری گشتی حزبه‌كه‌ی، له‌ به‌یروت و له‌ رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی 27ی ئه‌یلول راگه‌یاند.

له‌ هه‌مان ئه‌و رۆژه‌دا، ئاژانسی میهری ئێرانی رایگه‌یاند بۆردومانه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی كوژرانی نیلفرۆشان جێگری فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای پاسداران.

به‌ گوێره‌ی ئه‌و بڕه‌ زانیارییه‌ كه‌مه‌ی له‌سه‌ر جه‌نه‌ڕاڵه‌ ئێرانییه‌كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، نیلفرۆشان یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌ گرنگه‌كانی پێكهاته‌ی ئه‌منی رژێمی ئێرانی و یاریزانێكی سه‌ره‌كی جموجوڵی ئێران بوو له‌ ناوچه‌كه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "جیرۆزالیم پۆست"ی‌ ئیسرائیلی‌، نیلفرۆشان سه‌باره‌ت به‌ كاروباری سه‌ربازی و دیپلۆماسی رێنمایی ده‌دا به‌ حزبوڵا.

نیلفرۆشان له‌ ساڵی 2022وه‌، خرابووه‌ لیستی سزاكانی ئه‌مریكا و له‌ ساڵی 3023 ناوی خرایه‌ لیستی سزاكانی ئه‌وروپا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا.

به‌رپرسی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران بووه‌، وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا به‌ "یه‌كێك له‌ به‌رپرسه‌ راسته‌وخۆكانی سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زاییه‌كانی ئێرانی داده‌نێت"، ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی‌ دوای كوشتنی ژیلا ئه‌مینی گه‌نج له‌سه‌ر ده‌ستی پۆلیسی ئاداب، له‌ ئێران سه‌ری هه‌ڵدا.

نیلفرۆشان رۆڵێكی یه‌كلایكه‌ره‌وه‌ی له‌ "ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌كانی خۆپیشاندانه‌كان" هه‌بوو، به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا، نیلفرۆشان: "له‌ سوپای پاسداراندا فه‌رمانده‌یه‌كی خاوه‌ن خیبره‌ و شاره‌زا بوو. له‌ شه‌ڕی ناوخۆی سوریا، وه‌ك راوێژكارێكی سه‌ربازی كاریكردووه‌".

له‌ 23 مانگی كانونی دووه‌می 2023، یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌ هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌ ئێراندا هاتبووه‌ ئاراوه‌، نیلفرۆشان و هه‌ندێك كه‌س و قه‌واره‌ و ده‌سته‌ی دیكه‌ی، خسته ژێر چاودێری و رێوشوێنی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ و سنورداركردنی جووڵه‌كانی.

له‌م باره‌یه‌وه‌ راپۆرتێكی ‌یه‌كێتی ئه‌وروپا، باس له‌وه‌ ده‌كات نیلفرۆشان "به‌رپرسه‌ له‌ پێشێلكردنی ترسناكی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ ئێران".

پێش مانگێك له‌ هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس بۆ سه‌ر ئیسرائیل له‌ 7ی تشرینی یه‌كه‌می 2023، نیلفرۆشان دانی نا به‌ بوونی "تۆڕێكی فه‌رمانده‌یی و كۆنترۆڵكردنی ته‌واوه‌تی له‌ به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" و گفتوگۆی له‌سه‌ر بوونی ئه‌م تۆڕه‌، له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران كردووه‌.

سه‌ره‌ڕای پۆسته‌كه‌ی له‌ سوپای پاسدارانی ئێران، میدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن نیلفرۆشان سه‌ركرده‌ی "فه‌یله‌قی قودس" بووه‌ له‌ لوبنان، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ روونیده‌كاته‌وه‌ له‌ چركه‌ساتی بۆردومانه‌كه‌ی رۆژی هه‌ینی ئیسرائیل، بۆ سه‌ر باره‌گای سه‌ره‌كی حزبوڵا له‌ ژێر زه‌وی و له‌ ژێر باڵه‌خانه‌یه‌كی نیشته‌جێ بوون، له‌ ناوچه‌ی باشوری لوبنان، له‌گه‌ڵ نه‌سروڵادا بووه‌.

دوێنێ شه‌ممه‌ 28ی ئه‌یلولی 2024، رۆژنامه‌ی "Le Parisien"ی فه‌ره‌نسی، له‌سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی لوبنان، بڵاویكرووه‌ته‌وه‌ ئیسرائیل له‌ رێگه‌ی سیخوڕێكی ئێرانییه‌وه‌، زانیاری زۆر هه‌ستیاری ده‌ستكه‌وتبوو.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا سكرتێری گشتی حزبوڵای لوبنانی، پێش ئه‌وه‌ی رۆژی هه‌ینی رابردوو بكوژرێت، له‌ باشوری به‌یروت بووه‌.

ئیسرائیل به‌ سود وه‌رگرتن له‌و زانیاریانه‌، بۆردومانی ئاسمانی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌ و له‌ ئه‌نجامدا بووه‌ هۆی كوژرانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا.

به‌ پێی وته‌كانی هه‌مان رۆژنامه‌ی فه‌ره‌نسی، سوپرایزه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌ كوشتنی نه‌سروڵا، بریتییه‌ له‌و رۆڵه‌ی سیخوڕه‌ ئێرانییه‌كه‌ بینیویه‌تی، ئه‌م سیخوڕه‌ توانیویه‌تی دزه‌ بكاته‌ ناو بازنه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی حزبوڵاوه‌ و گه‌یاندنی زانیاری راست و دروست سه‌باره‌ت به‌ جموجوڵه‌كانی نه‌سروڵا، كه‌ رۆژی هه‌ینی بۆ به‌شداریكردنی له‌ ناشتنی ته‌رمی محه‌مه‌د سرور به‌رپرسی حزبوڵا له‌ به‌یروت بووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات نه‌سروڵا له‌ رۆژی كوشتنه‌كه‌یدا، له‌ ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودس له‌ لوبنان، نیلفرۆشان بووه‌ و له‌ ساته‌وه‌ختی كوشتنی به‌ قووڵایی 30 مه‌تر له‌ ژێر زه‌ویدا بووه‌.

ده‌وترێت ئه‌و دزه‌كردنه‌ی سیخوڕه‌ ئێرانییه‌كه‌ ئه‌نجامیداوه‌، یارمه‌تی ئیسرائیلی داوه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ورد، كاتی هێرشه‌كه‌ دیاری بكات و دڵنیابێت له‌وه‌ی نه‌سروڵا له‌ باڵه‌خانه‌كه‌دایه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی حه‌ریك.


PM:09:54:29/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو