رۆیتەرز: تەرمى حەسەن نەسروڵا لە شوێنى بۆردوومانەکەى بەیروت دۆزرایەوە
حەسەن نەسروڵا
وێستگهنیوزـ
ئاژانسى رۆیتەرز رایگەیاند، تەرمى حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیى حزبوڵاى لوبنان لە شوێنى بۆردوومانەکەى بەیروت دۆزرایەوە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی پزیشکی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنییهوه بڵاویكردهوه، لاشەکە هیچ برینێکی راستەوخۆی پێوە دیار نییە و وادیارە هۆکاری مردنەکە بەهۆی زەبری بەهێزی تەقینەوەی مووشەکەکانی ئیسرائیلەوە بێت.
ئێوارەی رۆژی هەیینی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردەسەر چەند باڵەخانەیەک لە باشووری بەیروتی پایتەختی لوبنان و بۆ رۆژی دواتر رایگەیاند، حەسەن نەسروڵا، سکرتێری گشتی حزبوڵایان بەئامانجگرتووە و لە هێرشەکەدا لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی دیکەدا کوژراوە. دوای چەند کاتژمێرێک حزبوڵا کوژرانی سەرکردەکەیانی پشتڕاستکردەوە.
کوژرانی حەسەن نەسروڵا، کاردانەوەیەکی گەورەی لێکەوتەوە و بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، راستەوخۆ فەرمانی هێرشەکەی کردووە و پەیامێکیشی بۆ ئێران نارد و وتی: "هیچ جێگەیەک نییە لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی ئێمەی پێنەگات".
لەبارەی کوژرانی سەرکردە لوبنانییەکە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگاداری ئۆپراسیۆنەکەی ئیسرائیل نەبوون، بەڵام رێکارێکی "دادپەروەرانە" بووە و بەتەواوی "پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەین بۆ بەرگریکردن لە خۆی".
هاوکات ئەمڕۆ عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند واشنتن هاوبەشی ئیسرائیلە لە کوشتنی حەسەن نەسروڵا و کوژرانی سەرکردەکەی حزبوڵا بێ وەڵام تێناپەڕێت.
PM:02:48:29/09/2024
ئهم بابهته 1856
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت