خامنەیی: خوێنی حەسەن نەسروڵڵا بەفیڕۆناچێت


وێستگەنیوز-


رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، خوێنی حەسەن نەسروڵڵا بەفیڕۆ ناچێت و چەند رۆژێک ماتەمینی راگەیاند.


عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا لە بارەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمنداری گشتیی حزبوڵڵا رایگەیاند، "جیهانی ئیسلامی کەسایەتییەکی گەورە و بەرەی مەقاوەمە ئاڵاهەڵگرێکی بێهاوتای لەدەستدا".


دەشڵێت، "گورزی بەرەی مقاوەمە سەر جەستەی رژێمی زایۆنی بەهێزتر دەبێت، رژێمی زایۆنی لەم رووداوەدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە".


ئاماژە بەوەشدەکات، "حەسەن نەسروڵڵا رێچکە و قوتابخانەیەک بوو و رێگاکەی بەردەوام دەبێت، خوێنی سەید عەباس مووسەوی بەفیڕۆ نەچوو و خوێنی شەهید سەید حەسەنیش بەفیڕۆ ناچێت."


سوپای ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 28ی ئەیلولی 2024، کوژرانی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لە هێرشێکی ئاسمانیدا راگەیاند، حزبوڵڵای لوبنانیش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.


هەروەها مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نێویۆرکەوە درا".


بەهۆی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵلا ئێران وەک هاوخەمییەک پێنج رۆژ ماتەمینی راگەیاند.


PM:07:23:28/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت