هاشم سەفیەدین کێیە کە بەهێزترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی حەسەن نەسروڵڵا؟


وێستگەنیوز

خاڵۆزاکەی حەسەن نەسروڵڵا و خەزوری کچەکەی قاسمی سولەیمانی بەهێزترین کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی ئەمینداری حزبوڵڵای لوبنانی. 

کێ دەبێتە جێگرەوەی حەسەن نەسروڵڵا؟
ئەمە ئەو پرسیارە کە لە دوای پشتراستکردنەوەی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵاوە ورژێندراوە، 
ئێستا ناوی هاشم سەفیەدینی، خاڵۆزای حەسەن نەسروڵڵا و خەزوری کچەکەی قاسم سولەیمانی زیاتر لە هەمووان بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ناوی دەهێنرێت.

هاشم سەفیەدین ساڵی 1964 لە شارۆچکەی دێر قانون نەهر لە باشوری لوبنان لە خێزانێکی بەناوبانگ لە دایک بووە، ساڵی 1983 هاوسەرگیریی لەگەڵ کچێکی محەمەد عەلی ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی تەنفیزی ئیسلامی شیعی لە لوبنان کردووە.

یەکێکە لە هاوڕێ دێرینەکانی حەسەن نەسروڵڵا و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ خوێندنی ئایینی چووەتە شاری قومی ئێران. 

هاشم سەفیەدین کەسی دووەمی حزبوڵڵایە، بە سێبەرەکەی نەسروڵڵاش دەناسرێت یەکێکە لەو کەسانەی کە شێوە و شێوزی قسەکردنی زۆر لە حەسەن نەسروڵڵا دەچێت.

سەفیەدین بەهۆی نزیکییەوە لە نەسروڵڵا، ساڵی 1994 وەک سەرۆکی رێکخراوی بەیروتی سەر بە حزبوڵڵا دەستنیشانی کرا، ساڵی 1995 بووە سەرۆکی ئەنجومەنی جیهاد، بەرپرسی چالاکییە سەربازییەکانی حزبوڵڵا و دواتر بوەتە ئەندامی ئەنجومەنی شورا و ساڵی 1998 پلەکەی بۆ بەرپرسی ئەنجومەنی جێبەجێکردن و کەسی دووەمی حزبوڵڵا بەرز کرایەوە.

هاشم سەفیەدین لەگەڵ ئەوەی سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵای کردووە، بەرپرسیش بووە لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و پەرەپێدانی هەیکەلیەتی حزبوڵڵا. 

هاشم سەفیەدین لە ساڵی 2017ەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکادایە، یەکێکە لە بەرپرسە باڵاکانی ئەو پارتە کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ باڵی سەربازیدا هەیە، ئەمە جگە لە پەیوەندییە زۆر نزیکەکانی لەگەڵ باڵی جێبەجێکردن.

ناوی هاشم سەفیەدین 16 ساڵ پێش ئێستا لە لایەن ڕۆژنامەیەکی ئێرانییەوە  بۆ جێنشینی نەسروڵ پێشنیازکرا بەڵام ئەوانەی ئاشنان بە دیمەنەکانی ئەو حیزبە دەڵێن ئەو بڕیارە زۆر پێش ئەوە دراوە.

بەگوێرەی ئەوەی سەرکردەیەکی دیاری پێشووی حزبوڵڵای لوبنان لەو کاتەدا بۆ"الشرق الأوسط" پشتڕاستی کردەوە، سەفیەدین لە ساڵی 1994ـەوە بۆ جێگرتنەوەی نەسروڵا ئامادەکراوە. 

ساڵی 2020 رەزا هاشم سەفیەددینی کوڕی، هاوسەرگیری لەگەڵ زەینەبی کچی قاسم سولەیمانی کردووە، رەزا سەفیەددینی کوڕی یەکێکە لە بەرپرسانی گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازیی لە ئێرانەوە بۆ لوبنان.


PM:06:22:28/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1056 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت