میسر؛ مردنی مامۆستایه‌ك دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ره‌كه‌یه‌وه‌ سوكایه‌تی پێدەکرێت


وێستگەنیوز-


ئیسماعیل حلمی، به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ گوندی دێر مۆراس له‌ باشووری پارێزگای ئه‌لمنیا، راسته‌وخۆ دوای دروستبوونی ده‌مه‌قاڵێ له‌‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی، گیانله‌ده‌ستده‌دات.


مردنی ئه‌و مامۆستایه،‌ دۆخێكی ماته‌مینی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی میسر و دانیشتووانی گوندی دیرمواس هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌ و هه‌مووانی تووشی شۆك كردووه‌، چیرۆكه‌ دڵته‌زێنه‌كه‌ی ئه‌و مامۆستایه‌ كه‌ به‌ مردنی كۆتاییهات، به‌ ده‌مه‌قاڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی په‌روه‌ده‌ی دێر مه‌واس ده‌ستی پێكردووه‌.


له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فه‌رمیدا به‌سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی په‌روه‌رده‌ی دێر مه‌واس، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ له‌ناكاو بڕیارده‌دات مامۆستا ئیسماعیل، وه‌ك مامۆستا له‌ قوتابخانه‌ی به‌نی سالم، بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كاری مامۆستای ئاماده‌یی و له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و له‌به‌رچاوی هاوڕێكانی، سوكایه‌تییه‌كی زۆری پێده‌كات.


مامۆستای كۆچكردوو، له‌ په‌روه‌رده‌ی دێر مه‌واس، پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی هه‌بووه‌، به‌ گوێره‌ی شایه‌تحاڵه‌كانی ناو رووداوه‌كه‌، مامۆستا ئیسماعیل به‌رگه‌ی ئه‌و سوكایه‌تییه‌ی نه‌گرتووه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م هاوڕێكانیدا پێیكراوه‌. هه‌ر بۆیه‌ ده‌ستبه‌جێ له‌وێدا به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه‌ كۆچی دوایی كردووه‌.


دوای گیانله‌ده‌ستدانی مامۆستاكه‌، هاوڕێكانی گردبوونه‌وه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیان رێكخستووه‌ و تێیدا داوایان كردووه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ بكرێت و له‌ پۆسته‌كه‌ی دووربخرێته‌وه.


ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن برای مامۆستا كۆچكردووه‌كه‌، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، له‌ یه‌كێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، ده‌مه‌قاڵێیه‌ك روویداوه‌ و به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی سوكایه‌تی زۆری به‌ براكه‌ی كردووه‌، چونكه‌ براكه‌ی به‌رگری له‌ مامۆستایه‌كی هاوڕێی خۆی كردبوو، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ به‌ براكه‌ی وتووه‌: "بڕۆ ده‌ره‌وه‌، قه‌سه‌م به‌خوا ده‌ڕۆیته‌ ده‌ره‌وه‌، هیچ پێویستیمان به‌ تۆ نییه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتوویه‌تی ئه‌گه‌ر ئیسماعیل له‌ نێوان كاتژمێر نۆ بۆ دوانزه‌، نه‌یه‌ت بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌وا راسپارده‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌ و ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ كاری مامۆستایه‌تی، ئه‌گه‌رچی له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك نه‌بووه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ر بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی راسپارده‌كه‌ی ده‌ركردووه‌.


مامۆستاكه‌ دوای سوكایه‌تی پێكردنی، به‌ كوڵ گریاوه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ هاوڕێیه‌كییه‌وه‌ كردووه‌ و راسته‌وخۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و به‌رده‌وام له‌به‌رخۆیه‌وه‌ وتوویه‌تی:"په‌نا به‌خوا له‌ زوڵمی پیاوه‌كان"، پاشان شایه‌تومانی هێناوه‌ و كۆچی دوایی كردووه‌.

سه‌ندیكای مامۆستایان لای خۆیانه‌وه‌، پرسه‌ و ماته‌مینیان بۆ مامۆستای كۆچكردوو راگه‌یاند و ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ له‌ ئه‌نجامی ده‌مه‌قاڵێكه‌ی له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێری، دووچاری جه‌ڵده‌ی دڵ بووه‌.


سه‌ندیكای مامۆستایان پێداگری ده‌كه‌ن له‌وه‌ی پێویسته‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و ره‌فتاره‌ی لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و به‌ڵێنیاندا له‌ رێگه‌ی كه‌ناڵه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ مافه‌كانی مامۆستاكه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌.


له‌م باره‌یه‌وه‌ راپۆرتێك له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌، به‌رزكراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌راێتی په‌روه‌رده‌ی ئه‌لمنیا و بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی دێر مه‌واس له‌ كاره‌كه‌ی و ره‌وانه‌كردنی بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ركراوه‌.



PM:02:58:16/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت