پاڵه‌وانێكی ناسراوی جیهانی له‌شجوانی به‌نه‌خۆشی كتوپڕ گیانی له‌ ده‌ستدا

‌ئیلیا یه‌ڤیمیشگ

وێستگه‌نیوزـ

پاڵه‌وانى بیلاڕووسی له‌ یاری له‌شجوانیدا (ئیلیا یه‌ڤیمیشگ) كه‌ به‌ زه‌به‌لاحترین یاریزانى له‌شجوانى له‌ جیهاندا ده‌ناسرا، له‌ ته‌مه‌نى 36 ساڵیدا به‌هۆى نه‌خۆشییه‌كی كتوپڕی دڵه‌وه‌، گیانى له‌ده‌ست دا.

ئیلیا یەڤیمیشگ، بە گەورەترین یاریزانی لەشجوانی لە جیهاندا وەسف ده‌کرا، بەو پێیەی رۆژانە حه‌وت ژەمی دەخوارد.

بەگوێرەی میدیاکانی بیلاڕوس، ئه‌و وەرزشوانه‌ لە 8ی ئەیلولی 2024، لە ماڵەکەی خۆیدا تووشی جەڵتەی دڵ بووە و چووەتە حاڵه‌تی کۆماوه‌.

ئانای هاوسەری لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکانی بیلاڕوس، وتویه‌تی، "هەموو ئەم ماوەیە نوێژم کردووە، بەو هیوایەی ئیلیا چاک ببێتەوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو رۆژێکم لە تەنیشتی بەسەر دەبردم، دڵی دەستی بە لێدان کردەوە بۆ ماوەی دوو رۆژ، بەڵام پزیشکەکە هەواڵە ترسناکەکەی پێدام کە مێشکی وەستاوە".

هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو لەشجوانییە جەڵتەی دڵ بووە، پزیشکەکانیش سەرکەوتوو نەبوون لە چارەسەرکردنی خێرا و هەندێکیش هۆکاری جەڵتەی دڵیان بۆ زیادەڕۆیی لە به‌كارهێنانی ماددەی ستیرۆید گەڕاندووەتەوە.

ئیلیا یەڤیمیشگ نازناوی "گەورەترین لەشجوانی جیهان"ی پێبەخشرا بەهۆی ئەو کارەی کە بۆ پەرەپێدانی قەبارە و هێزی خۆی کردوویەتی، بەو پێیەی باڵای 185 سم بووە و کێشی 158 کیلۆگرام بووە.

بەپێی گۆڤاری Muscle & Fitness، ئه‌و پاڵەوانی لەشجوانییه‌ توانیویەتی 600 پاوه‌ند لەسەر بنچ پرێس بەرز بکاتەوە و 700 پاوه‌ند سکوات ئەنجام بدات.

رێجیمەکەی ئیلیا رۆژانە حەوت ژەمی تێدابوو، هەروەها پێکهاتبوو لە نزیکەی دوو کیلۆ و نیو گۆشت و زیاتر لە 100 پارچە سوشی.


PM:06:58:13/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1164 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت