وڵاتێك بڕی 34 هه‌زار دۆلار ده‌دات به‌ هه‌ر كۆچبه‌رێك ده‌ستبه‌رداری مافی مانه‌وه‌ی ببێت


وێستگه‌نیوز-
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوویدا حكومه‌تی سوید، بڕیاریدا بڕی 34 هه‌زار دۆلار بدات به‌ هه‌ر كۆچبه‌رێك كه‌ ده‌ستبه‌رداری مافی مانه‌وه‌ی ببێت و وڵاته‌كه‌ به‌جێبهێڵێت.

رۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2024، حكومه‌تی سوید بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوویدا، بڕیاریدا بڕی 350 هه‌زار كرۆنی سویدی كه‌ ده‌كاته‌ 34 هه‌زار دۆلار، بدات به‌ هه‌ر كۆچبه‌رێك، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ رازییه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی و ده‌ستبه‌رداری مافی مانه‌وه‌ی له‌ سوید و ره‌گه‌زنامه‌ی سویدی ده‌بێت كه‌ پێشتر وه‌ریگرتووه‌.

ئه‌م بڕیاره‌ كه‌ وا به‌نیازن له‌ سه‌ره‌تای مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 2026 بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، له‌ژێر سایه‌ی رێنماییه‌كانی پارتی "دیموكراته‌كانی سوید" كه‌ پارتێكی دژه‌ كۆچبه‌ره‌ هاتووه و له‌لایه‌ن Johan Forssell وه‌زیری نوێی كوچ و كۆچبه‌ران، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی پارته‌كان راگه‌یه‌نرا.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا پلانی به‌رنامه‌ی "پشتیوانی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی كۆچبه‌ران" خراوه‌ته‌ڕه‌وو و رێگه‌ به‌و كه‌سانه‌ش ده‌دات كه‌ به‌هۆكاری یه‌كگرتنه‌وه‌ی خێزانییه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ سوید، سود له‌ بڕیاره‌كه‌ وه‌ربگرن، به‌ جۆرێك هه‌ر ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه، هه‌مان بڕه‌ پاره‌ وه‌رده‌گرێت.

له‌ ئیستادا هه‌ر كۆچبه‌رێك ده‌ستبه‌رداری مافی مانه‌وه‌ی یان ره‌گه‌زنامه‌ سویدییه‌كه‌ی ده‌بێت، ته‌نها 10 هه‌زار كرۆنی سویدی بۆ كه‌سێكی پێگه‌یشتوو كه‌ ده‌كاته‌ 970 دۆلار و 5 هه‌زار كرۆنی سویدی بۆ منداڵ، وه‌ك قه‌ره‌بوو وه‌رده‌گرن، به‌و مه‌رجه‌ی كۆی ئه‌و پاره‌یه‌ی ده‌درێت به‌ هه‌ر خێزانێك- ژماره‌ی ئه‌ندامه‌كانی هه‌رچه‌ندێك بێت- نابێت له‌ 40 هه‌زار كرۆن زیاتربێت.

ئه‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 1984 وه‌ له‌ ئارادایه‌، وه‌لێ نه‌بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر سوید به‌جێبهێڵێت. ئاشكرایه‌ سوید له‌ ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌، كۆچبه‌رێكی زۆری وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌شی هه‌ره‌ زۆریان خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه‌ بوون كه‌ شه‌ڕ و ململانێكان وێرانی كردبوون، به‌ تایبه‌ت عێراق، سوریا، ئێران، سۆماڵ، ئه‌فغانستان و یۆگسلافیای پێشوو.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌ فه‌رمییه‌كان كه‌ له‌ لایه‌ن "سه‌نته‌ری نیشتیمانی سویدی" ناسراو به‌ "SCB" بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، تا ساڵی رابردوو، ژماره‌ی كۆچبه‌ره‌كان له‌ سوید، گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكه‌ی 2 ملیۆن و 76 هه‌زار كۆچبه‌ر، واته‌ كۆچبه‌ره‌كان له‌سه‌دا 28% ژماره‌ی دانیشتوانی وڵاته‌كه‌ پێكده‌هێنن، به‌شی هه‌ره‌ زۆریان هاوڵاتی سورین و ژماره‌یان نزیكه‌ی 244 هه‌زار كه‌سه‌، پاشان هاوڵاتیانی عێراقی به‌ پله‌ی دووه‌م دێن كه‌ ژماره‌یان 195 هه‌زار كه‌سه.

هه‌رچی بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ی وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا، وه‌ك هانده‌رێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كۆچبه‌ران ده‌یبه‌خشن، جیاوازه‌ و وه‌ك یه‌ك نییه‌، بۆ نمونه‌ وڵاتی دانیمارك زیاد له‌ 15 هه‌زار دۆلار ده‌دات به‌ هه‌ر كۆچبه‌رێك بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆی و ئه‌مه‌ش زۆرترین بڕی پاره‌یه‌، پاشان فه‌ره‌نسا دێت به‌ بڕی 2 هه‌زار و 800 دۆلار، دوای ئه‌و ئه‌ڵمانیا دێت به‌ بڕی 2 هه‌زار دۆلار، پاشان نه‌رویج دێت به‌ بڕی هه‌زار و 400 دۆلار‌.


PM:02:24:13/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 11936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو