روانگه‌ی سوری: ئیسرائیل گه‌وره‌ترین هێرشی له‌ ناو خاكی سوریا ئه‌نجام دا


وێستگه‌نیوز-
رێكخراوی‌ روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ رایگه‌یاند كه‌ له‌وه‌ته‌ی له‌ مانگی 10ی ساڵی رابردووه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌ ده‌ستیپێكردووه‌، شه‌وی یه‌كشه‌ممه‌ ئیسرائیل گه‌وره‌ترین هێرشی له‌ دژی ئێران و حزبوڵا و رژێمی سوریا ئه‌نجام دا.


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 9ی‌ ئه‌یلولی‌ 2024 رامی عه‌بدولڕحمان، به‌ڕێوه‌به‌ری رێكخراوی‌ روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی‌ مرۆڤ كه‌ باره‌گاكه‌ی‌ له‌ شاری‌ له‌نده‌نه‌، له‌ لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵی DW ی ئه‌ڵمانی وتی: "شه‌وی رابردوو ئیسرائیل چوار جار هێرش و بۆردومانی له‌ سوریا ئه‌نجام داوه‌ و لانی كه‌م 6 شوێنی كردووه‌ته‌ ئامانج".

وتیشی‌: "یه‌كێك له‌وانه‌ ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌ی زانستییه‌ له‌ شاری مه‌سایف له‌ رۆژئاوای سوریا كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی سوپای پاسدارانی ئێران كاری تێدا ده‌كرێت و تایبه‌ته‌ به‌ دروستكردنی موشه‌كی مه‌ودا مامناوه‌ند و كورت و درۆن".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی پێی گه‌یشتووه‌، "لانی كه‌م 26 كه‌س به‌هۆی هێرشه‌كانه‌وه‌ كوژراون، له‌وانه‌ 14 كه‌سیان سورین و له‌گه‌ڵ سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنان كاریان ده‌كرد و 5 كه‌سیان ئه‌ندامی حزبوڵای سوریا بوون و 4 كه‌سیان له‌ هێزه‌كانی رژێم بوون و 5 كه‌سیان مه‌ده‌نی‌ بوون و 3 كه‌سیش هێشتا ناسنامه‌كانیان ئاشكرا نه‌كراوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری روانگه‌ی‌ سوری‌ باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل له‌ سێیه‌م جاری هێرشه‌كان ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج كه‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی برینداره‌كانیان ده‌دا.

 ده‌شڵێت: "ئه‌م هێرشانه‌ په‌یامێكی روونی ئیسرائیله‌، ئه‌ویش هه‌ر چ شتێك له‌ناو سوریا په‌یوه‌ندی به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌بێت، وێرانی ده‌كات".

لای خۆیه‌وه‌ رژێمی سوریا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی كرد و ده‌ڵێت ده‌ستدرێژییه‌كه‌ بووه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی 16 كه‌س و برینداربوونی 36 كه‌سی دیكه‌ كه‌ 6 كه‌سیان برینه‌كانیان قورسه‌، هه‌روه‌ها زیانی ماددی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دانیشتوان لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.


PM:11:52:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 1480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو