ئه‌پڵ زنجیره‌ی مۆبایله‌ نوێكانی‌ ئایفۆن 16 و چه‌ند به‌رهه‌مێكی‌ نوێی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-

له‌ كۆنگره‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ كۆمپانیای‌ ئه‌پڵدا نوێترین به‌رهه‌می‌ كۆمپانیاكه‌ راگه‌یه‌ندرا كه‌ زنجیره‌ی مۆبایله‌ نوێكانی‌ ئایفۆنی 16 و 16ی‌ پرۆ و ئه‌پڵ‌ وۆچ سیریه‌س 10 و نوێترین به‌رهه‌می‌ ئێرپۆد له‌خۆ ده‌گرێت.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ كۆنفرانسی ساڵانه‌ی‌ كۆمپانیای ئه‌پڵ زنجیره‌ی نوێی ئایفۆن 16ی به‌ ره‌نگی چاوه‌ڕواننه‌كراو ئاشكرا كرد كه‌ شێوه‌ی كامێرای دواوه‌ی ئایفۆنه‌كه‌ی گۆڕیوه‌.

كۆمپانیای ئه‌پڵ زنجیره‌ی ئایفۆن 16ی راگه‌یاند كه‌ به‌ پێنج ره‌نگ به‌رده‌سته‌، دیارترینیان ره‌نگی په‌مه‌یی بوو كه‌ سه‌رنجه‌كانی راكێشا و پێشتریش له‌ ئایفۆنه‌كاندا ئه‌و ره‌نگه‌ نه‌بوو، هه‌روه‌ها ئه‌پڵ شێوه‌ی كامێرای دواوه‌ی ئایفۆنه‌كه‌ی گۆڕی، له‌ هه‌مانكاتدا بۆ زنجیره‌ی ئایفۆن پرۆ شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی كامێرای هێشته‌وه‌.

ره‌نگه‌ نوێیه‌كانی ئایفۆن 16، ره‌ش، سپی، په‌مه‌یی، سه‌وز و شین بوون، له‌ كاتێكدا مۆبایله‌كه‌ له‌ ئه‌له‌منیۆمی سوك دروستكراوه‌، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ زیادكردنه‌ دیاره‌كان دوگمه‌ی نوێی "ئه‌كشن"ه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ لای مۆبایله‌ نوێیه‌كه‌وه‌.

ئه‌م دوگمه‌یه‌ به‌كارهێنه‌ر ده‌توانێت كاره‌كه‌ی هه‌ڵبژێرێت، هه‌روه‌ها ده‌توانێت وه‌رگێڕ، دوگمه‌ی قوفڵ، یان هه‌ر ئه‌ركێكی دیكه‌ی پێ ئه‌نجام بدات.

كۆمپانیای ئه‌پڵ دوگمه‌ی تایبه‌تی ده‌ره‌كی بۆ وێنه‌گرتن و كۆنترۆڵكردنی كامێرا له‌ ده‌ره‌وه‌ ته‌رخان كردووه‌، ئه‌مه‌ش رێگه‌ به‌ نه‌رمی و ئاسانكاری زیاتر ده‌دات له‌ وێنه‌گرتندا، هه‌روه‌ها نوێكردنه‌وه‌ی شاشه‌كه‌ به‌ خێرایی 60 هێرتز ده‌بێت، وه‌شانی Pro شاشه‌یه‌كی كه‌مێك گه‌وره‌تر ده‌بێت له‌ ئایفۆنی ئاسایی.

پێكهاته‌ی وه‌شانی ئایفۆنه‌ نوێیه‌كه‌، بریتییه‌ له‌ ئایفۆن 16، ئایفۆن 16ی پڵه‌س، ئایفۆن 16ی پڕۆ، ئایفۆن 16ی پرۆ ماكس، به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی بزنس ئینسایده‌ر، پێشبینیده‌كرێت نرخی سه‌ره‌تایی مۆبایله‌كانی ئایفۆن 16 جیاوازبن به‌جۆرێك نرخی ئایفۆن 16ی ئاسایی به‌ 799 دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

مۆبایله‌كه‌ شاشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی LTPO OLED ی 6.7 ئینجیی له‌گه‌ڵدایه‌، كه‌ رێژه‌ی نوێبونه‌وه‌ی ده‌گاته‌ 120 هێرتز، هه‌روه‌ها پارێزگارییه‌كی پێشكه‌وتوی Ceramic Shield ی له‌گه‌ڵدایه‌ بۆ پاراستن له‌ خراپبون و  شكان، به‌ پڕۆسێسه‌ری Hexa-core A18 Pro دابینكراوه‌، له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیای به‌رهه‌مهێنانی 3nm بۆ كارایی خێرا و كارایی به‌رز، جگه‌ له‌ كامێرای پێشه‌وه‌ی كه‌ 12 مێگاپێكسڵه‌، سیسته‌می كامێرای دواوه‌شی سێ كامێرایه‌ به‌ رونی جیاواز.

هاوكات ئه‌پڵ خستنه‌بازاڕی كاتژمێری‌ Apple Watch Series 10ی راگه‌یاند كه‌ سیسته‌می كارپێكردنی زیره‌كتر و ئه‌پڵیكه‌یشنی وێنه‌یه‌كی باشتر و به‌رنامه‌یه‌كی وه‌رگێڕانی له‌خۆگرتووه‌.

داواكاریی كڕینی‌ ئه‌م كاتژمێره‌ له‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات، له‌كاتێكدا گه‌یاندن له‌ 20ی ئه‌یلول ئه‌نجام ده‌درێت و نرخه‌كه‌ی له‌ 399 دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

له‌ میانی كۆنفرانسه‌كه‌دا كۆمپانیای ئه‌پڵ كاتژمێری‌ Apple Watch Ultra 2ی راگه‌یاند كه‌ له‌ ئه‌مڕۆوه‌ داواكاریی كڕینی‌ به‌رده‌ست ده‌بێت و له‌ 20ی ئه‌یلولدا ده‌گاته‌ ده‌ست كڕیاره‌كان به‌ نرخێك كه‌ له‌ 799 دۆلاره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات.

هاوكات كۆمپانیای ئه‌پڵ (بیستۆك- ئێرپۆد)ی‌ AirPods 4ی ئاشكرا كرد، كه‌ به‌ وته‌ی خۆی ئاسووده‌ترین ده‌بێت تا ئێستا.

نرخی AirPods 4ی ئاسایی 129 دۆلار ده‌بێت و له‌ ئه‌مڕۆوه‌ به‌رده‌ست ده‌بێت بۆ داواكردن، له‌كاتێكدا فرۆشتنی له‌ 20ی ئه‌یلول ئه‌نجام ده‌درێت.


PM:11:32:09/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 3128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو