سه‌رۆكی تاڵیبان فه‌رمانی جێبه‌جێكردنی یاسایه‌ك له‌ دژی‌ ژنان و كچان ده‌رده‌كات


وێستگه‌نیوز-
هیبه‌توڵا ئاخوندزاده‌، رێبه‌ری باڵای تاڵیبان، فه‌رمانی به‌ به‌رپرسانی ئه‌فغانستان كردووه‌، كه‌ یاسایه‌كی‌ ئه‌خلاقی نوێی گشتگیر جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ مافه‌كانی كچان و ژنان سنووردار ده‌كات و دیدێكی توند بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی ده‌چه‌سپێنێت.

یاساكه‌ كه‌ له‌ 35 بڕگه‌ی پێكهاتووه‌ و مانگی رابردوو راگه‌یه‌ندرا، هه‌ندێك قه‌ده‌غه‌كراوی‌ گشتی له‌ "ئیماره‌تی ئیسلامی"دا ده‌سه‌پێنێت كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ ئه‌فغانستان دایمه‌زراندووه‌، به‌ڵام په‌سه‌ندكردنی ده‌ببێته‌ هۆی به‌هێزكردنی كۆنترۆڵی توند و تۆڵ به‌سه‌ر دانیشتووانی‌ ئه‌و وڵاته‌دا.

یاساكه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی ئه‌فغانستان ده‌گرێته‌وه‌، چ تایبه‌ت بێت یان گشتی‌ بێت و جێبه‌جێكردنی توندی شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامی مسۆگه‌ر ده‌كات.

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن ئیداره‌ی راگه‌یاندن و رۆشنبیری له‌ ویلایه‌تی‌ فاریابه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ ئاخوندزاده‌، به‌رپرسانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازیی ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ده‌بێت یاسای به‌ره‌وپێشبردنی فه‌زیله‌ت له‌ كۆمه‌ڵگادا جێبه‌جێ بكه‌ن”.

ئاخوندزاده‌ له‌ قه‌نده‌هاره‌وه‌ كه‌ قه‌ڵای مه‌عنه‌وی تاڵیبانه‌، فه‌توای ئایینی ده‌رده‌كات، به‌ڵام به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردوو له‌ كاتی گه‌شتێكیدا بۆ پارێزگای فاریاب له‌ باكووری ئه‌و وڵاته‌، ئه‌و فه‌رمانه‌ی ده‌ركردووه‌.

شه‌مسوڵا محه‌مه‌دی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی‌ راگه‌یاندن و ڕۆشنبیری له‌ پارێزگای فریاب به‌ ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئاخوندزاده‌ رۆژی هه‌ینی گه‌یشته‌ فاریاب، دوای ئه‌وه‌ی له‌ یه‌كه‌م سه‌ردانی فه‌رمی خۆیدا بۆ باكووری ئه‌فغانستان، سه‌ردانی پارێزگای بادغیسی كرد.

ئه‌م یاسایه‌ ژنان پابه‌ند ده‌كات به‌وه‌ی‌ كه‌ به‌ته‌واوی جه‌سته‌یان داپۆشن، قسه‌كردنیان به‌ ده‌نگی به‌رز قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، كۆمه‌ڵێك رێسا به‌سه‌ر جلوبه‌رگی پیاوان و ئه‌نجامدانی نوێژ ده‌سه‌پێنێت، هێشتنه‌وه‌ی وێنه‌ی بوونه‌وه‌ره‌ زیندووه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات، هاوڕه‌گه‌زبازی، شه‌ڕی پێشبڕكێی نێوان ئاژه‌ڵان، په‌خشكردنی مۆسیقا له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و پشووه‌ نائیسلامییه‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كات.

رۆزا ئۆتونبایڤا، سه‌رۆكی نوێنه‌رایه‌تی هاوكاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئه‌فغانستان، ئه‌م یاسایه‌ی به‌ "دیدێكی خه‌مناك بۆ ئاینده‌ی‌ ئه‌فغانستان" وه‌سف كرد.


PM:08:24:02/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت