هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی‌ ره‌ئیسی‌ راگه‌یه‌ندرا


وێستگه‌نیوز-
كه‌ناڵی ته‌له‌فیزیۆنی ئێران بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ دوایین راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌سه‌ر هۆكاری كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی پێشووی ئێران ده‌ریخستووه‌ كه‌ فڕۆكه‌كه‌ به‌هۆی خراپی كه‌ش و هه‌وا و ته‌مه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌.


رۆژی‌ 20ی  ئایاری 2024 هه‌واڵی گیان له‌ده‌ستدانی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆك كۆماری ئێران و حسێن ئه‌میر عبدولـله‌هیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و هاوه‌ڵه‌كانیان له‌ ئه‌نجامی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌یان له‌ به‌رزی 2500 مه‌تره‌وه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی نزیك سنووری ئازه‌ربایجان راگه‌یه‌ندرا.

ئیبراهیم ره‌ئیسی سه‌رۆكی پێشووی ئێران رۆژێك له‌ رۆژان وه‌كو جێگره‌وه‌ی داهاتووی ئایه‌توڵا عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای شۆڕشی‌ ئیسلامی‌ ده‌بیندرا.

به‌پێی كه‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنی ئێران، دوایین راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ "هۆكاری سه‌ره‌كی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ كه‌ش و هه‌وای خراپ بووه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا".

راپۆرته‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنێكی باڵاوه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ سوپای ئێران كاری لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ رووداوه‌كه‌ پێ سپاردبوو، ده‌ڵێت: "ته‌مێكی زۆر بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ی ره‌ئیسی و هاوه‌ڵه‌كانی خۆی بكێشێت به‌ چیاكه‌دا".

له‌ مانگی پێنجدا ڕاپۆرتێكی سه‌ره‌تایی له‌لایه‌ن سوپای ئێرانه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كارێكی هه‌ڵه‌ ئه‌نجام درابێت یاخود هێرشێك هه‌بووبێت.


PM:09:40:01/09/2024


ئه‌م بابه‌ته 2748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت