جیمی كارته‌ر: هه‌وڵده‌ده‌م له‌ ژیاندا بمێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به‌ هاریس بده‌م


وێستگه‌ نیوزـ

جیمی كارته‌ر سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی 99 ساڵه‌ و له‌ مانگی شوباتی 2023وه‌، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا چاودێری ئارامكه‌ره‌وه‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ گوێره‌ی ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌یه‌كی ناوخۆ له‌ زاری یه‌كێك له‌نه‌وه‌كانییه‌وه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كارته‌ر رایگه‌یاندووه‌ هیواداره‌ له‌ ژیاندا بمێنێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ئاینده‌دا، ده‌نگ به‌ كامالا هاریس بدات، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ هاریس له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا كێبڕكێ له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا ده‌كات.

دوێنێ شه‌ممه‌ 3ی ئابی 2024، رۆژنامه‌ی "ئه‌تڵه‌نتا كۆنستیتوشن" كه‌ رۆژنامه‌یه‌كی رۆژانه‌یه‌ و له‌ ویلایه‌تی جۆرجیا ده‌رده‌چێت و خودی جیمی كارته‌ر سه‌ر به‌و ویلایه‌ته‌یه‌، لێدوانی یه‌كێك له‌ نه‌وه‌كانی سه‌رۆكی پێشووی پارتی دیموكراته‌كان جیمی كارته‌ر كه‌ له‌ مانگی تیشرینی یه‌كه‌می داهاتوو، جه‌ژنی سه‌د ساڵه‌ی له‌دایكبوونی ده‌گێڕێت، بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌كه‌، له‌م هه‌فته‌یه‌دا، چیب كارته‌ر پرسیاری له‌‌ باوكی كردووه‌ ئایا به‌نیازه‌‌ یادی ئاهه‌نگی له‌دایكبوونی بكاته‌وه‌، به‌ پێی ئه‌و وته‌یه‌ی نه‌وه‌كه‌ی "جه‌یسۆن كارته‌ر" بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كارته‌ر له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌ڵێت‌: "هه‌وڵده‌ده‌م له‌ ژیاندا بمێنمه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم ده‌نگ به‌ كامالا هاریس بده‌م".

به‌ گوێره‌ی وته‌ی نه‌وه‌كه‌ بێت، كارته‌ر چالاكه‌ و گرنگی به‌ سیاسه‌ت و شه‌ڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ غه‌ززه‌ ده‌دات".

جیمی كارته‌ر له‌ نێوان ساڵانی 1977 تا 1981، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو، ئه‌و له‌نێو هه‌مو سه‌رۆكه‌ زیندووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ته‌مه‌نترینیانه‌.

هاریس-ی‌ ته‌مه‌نی 59 ساڵ‌، كاندیدبوونی له‌لایه‌ن پارتی دیموكرات بۆ هه‌ڵبژاردنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار مسۆگه‌ر كرد كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت. ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا به‌هۆی ترس و نیگه‌رانییه‌كان له‌ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نییه‌وه‌، پاشه‌كشه‌ی له‌ پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا كرد.


PM:08:03:04/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 2568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت