ئه‌مریكا به‌ كۆپته‌ر و به‌رگریی ئاسمانی پێگه‌كانی خۆی له‌ سوریا پته‌وتر ده‌كات


وێستگه‌ نیوزـ

هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ له‌ پته‌وكردنی پێگه‌كانی خۆی له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی سوریا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ئێران له‌سه‌ر كوژرانی ئیسماعیل هه‌نیه‌، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ تاران، هه‌ره‌شه‌ تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كات.

ئه‌م زانیارییانه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی مه‌یدانیی سوریا به‌ ئاژانسی سپۆتینك-ی روسیا وتوه‌ و ئاشكرایكردوه‌ كه‌ ئه‌مریكا به‌ فرۆكه‌ و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و به‌رگریی ئاسمانی پێگه‌كانی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ پته‌وتر ده‌كات و مه‌به‌ست له‌وكاره‌ی "پاراستنی زیاتری ئیسرائیله‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ باسی له‌وه‌شكردوه‌ كه‌ ئه‌مریكا 15 هه‌لیكۆپته‌ری جۆری ئه‌پاچی هێناوه‌ته‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ سوریا تا توانای هێرشبردنی هێزه‌كانی زیاد بكات.

جگه‌له‌وه‌ش فرۆكه‌یه‌كی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی حه‌سه‌كه‌ نیشتوه‌ته‌وه‌ كه‌ كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی لۆجستی و باتریی تایبه‌ت  به‌ به‌رگریی ئاسمانی و 25 سه‌ربازی پێ بووه‌.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا رایگه‌یاندبوو كه‌ خودی لوید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگری سه‌رپه‌رشتیی بڵاوه‌پێكردنی هێزی زیاتر له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌كات ئه‌وه‌ش به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی ئیسرائیل.


PM:11:50:03/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت