سوپای ئه‌مریكا كه‌شتی و فڕۆكه‌ی‌ جه‌نگی‌ ده‌نێرێته‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست


وێستگه‌نیوز-

وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا (پنتاگۆن) رایگه‌یاند كه‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك فڕۆكه‌ی جه‌نگی و كه‌شتیی فڕۆكه‌هه‌ڵگر ره‌وانه‌ی‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات بۆئه‌وه‌ی دژی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی، به‌رگری له‌ ئیسرائیل بكه‌ن.

 (پنتاگۆن) له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ لۆید ئۆستن، وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا فه‌رمانی كردووه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌شتییه‌ جه‌نگییانه‌ی مووشه‌كی كرووز و بالیستیان له‌سه‌ره‌، له‌ ئه‌وروپا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیادبكرێت و له‌ وشكانیش سیستمی به‌رگریی بالیستیی زیاتر جێگیربكه‌ن.

هاوكات ئه‌مریكا كه‌شتیی جه‌نگیی روزڤێڵتی له‌ گه‌رووی هورمز له‌ نزیك ئێران جێگیر كرد تا هاوكاری‌ ئیسرائیل بكات له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌.

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مریكا (سێنتكۆم) له‌و باره‌وه‌ له‌ پۆستێكی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێكسدا ده‌ڵێت: "كه‌شتییه‌ فڕۆكه‌هه‌ڵگره‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سنووری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی كه‌شتیگه‌لی پێنجه‌می هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا".
 
لای‌ خۆیه‌وه‌ رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆستی ئه‌مریكی له‌ زاری به‌رپرسێكی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌، روزڤێڵت له‌گه‌ڵ 11 كه‌شتیی دیكه‌ی جه‌نگی ئێستا له‌ گه‌رووی هورمزن و نزیكه‌ی چوار هه‌زار مارێنز و ده‌ریاوانیان تێدایه‌.
 
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی ئه‌مریكا دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ له‌ دوو كرده‌وه‌ی‌ یه‌ك به‌دوای‌ یه‌كدا ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسیی حه‌ماس له‌ تاران و فوئاد شوكر، كه‌سایه‌تیی دووه‌می حزبوڵای‌ لوبنانی‌ له‌ به‌یروت كوژران، به‌رپرسانی ئه‌مریكا و جیهان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ و هێرش بكه‌نه‌سه‌ر ئیسرائیل و گرژییه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زیادبكه‌ن.


AM:08:38:03/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت