ئیسرائیل كوژرانی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ فه‌له‌ستینی‌ راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز-

ئیسرائیل كوژرانی‌ یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی له‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راگه‌یاند و ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ جێگری سه‌رۆكی یه‌كه‌ی دروستكردنی چه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌كه‌دا.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ 2ی‌ ئابی‌ 2024 سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند كه‌ له‌ هێرشێكی ئاسمانیدا بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌، یه‌كێك له‌ سه‌ركرده‌ باڵاكانی بزووتنه‌وه‌ی جیهادی ئیسلامی كوژراوه‌.

سوپای‌ ئیسرائیل ده‌ڵێت: "كوژراوه‌كه‌ محه‌مه‌د ئه‌لجه‌عبه‌ری، جێگری سه‌رۆكی یه‌كه‌ی دروستكردنی چه‌كه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی جیهاد، كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ دابینكردنی دارایی ئه‌و یه‌كه‌یه‌".


ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ ئه‌لجه‌عبه‌ری "راسپێردراوه‌ بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌ك بۆ بزووتنه‌وه‌ی جیهاد له‌ باكووری كه‌رتی غه‌ززه‌ و دابه‌شكردنی مووچه‌ و پاره‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی بزووتنه‌وه‌كه‌دا و رۆڵێكی كارای هه‌بووه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تواناكانی بۆ به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌ك و ژێرخانی غه‌ززه‌".

له‌ ماوه‌كانی‌ دواییدا ئیسرائیل فشاره‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا زیاد كردووه‌ و له‌ هێرشێكدا له‌ تارانی‌ پایته‌ختی‌ ئێران كه‌ ئیسرائیل به‌ ئه‌نجامدانی‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت، ئیسماعیل هه‌نیه‌، به‌رپرسی مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس كوژرا.

هاوكات وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ غه‌ززه‌ ده‌ڵێت كه‌ له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، نزیكه‌ی 40 هه‌زار فه‌له‌ستینی كوژراون.

هه‌روه‌ها شه‌ڕه‌كه‌ بووه‌ته‌هۆی ئاواره‌بوونی زۆربه‌ی دانیشتوانی كه‌رتی غه‌ززه‌ كه‌ دوو ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س بوون و قه‌یرانی برسێتیی لێكه‌وته‌وه‌ و بووه‌ هۆی تۆمه‌تباركردنی ئیسرائیل به‌وه‌ی‌ له‌ جینۆساید تێوه‌گلاوه‌.


PM:01:30:02/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت