بایدن بۆ ناتانیاهۆ: پابه‌ندین به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی ئیسرائیل له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران


وێستگه‌نیوز-
له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئیسرائیل، سه‌رۆكی ئه‌مریكا دڵنیایی دا له‌ به‌ "پابه‌ندبوون"ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی ئیسرائیل له‌ به‌رامبه‌ر "هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌".

كۆشكی سپی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئێواره‌ی‌ پێنجشه‌ممه‌ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ئه‌نجامدا.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، كه‌ كامالا هاریس جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكاش به‌شداریی تێدا كردووه‌، بایدن جه‌ختی له‌ "گرنگی به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌" كردووه‌ته‌وه‌.

كۆشكی‌ سپی‌ ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ بایدن "پابه‌ندبوونی خۆی به‌ پاراستنی‌ ئاسایشی ئیسرائیل دووپاتكرده‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، به‌ گروپه‌كانی‌ هاوپه‌یمانیشیه‌وه‌ وه‌ك حه‌ماس و حزبوڵا و حوسییه‌كانه‌وه‌".

كۆشكی‌ سپی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ بایدن جه‌ختی له‌ ئاماده‌یی ئه‌مریكا بۆ بڵاوه‌پێكردنی سه‌ربازیی بۆ به‌رگریكردن له‌ ته‌لئه‌بیب كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا به‌ گرنگی ده‌زانێت هه‌وڵه‌كانی ئێستا بخرێته‌گه‌ڕ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه‌.


PM:12:11:02/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت