فرانس پرێس ورده‌كاری سه‌ره‌تایی سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ئێران بۆ ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
ئاژانسی‌ فرانس پرێس زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بۆ كوشتنی‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ له‌تاران و كوشتنی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ باڵای‌ حزبوڵا و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی‌ گروپی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌ عێراق ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هێرشێكی چوارقۆڵی ده‌كرێته‌سه‌ر ئیسرائیل.

ئاژانسی فرانس پرێس له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ حزبوڵای لوبنانی بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌رپرسانی ئێران له‌ تاران له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی "میحوه‌ری موقاوه‌مه‌” كۆبوونه‌ته‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی هه‌نگاوه‌كانی داهاتوویان، هاوكات سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌ "دوو سیناریۆ گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه‌: وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هاوكات له‌لایه‌ن ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانیه‌وه‌ یان وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغ له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكه‌وه‌”.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌ركرده‌یه‌كی موقاوه‌مه‌ی‌ ئیسلامی له‌ عێراق به‌ ئاژانسه‌كه‌ی وتووه‌ كه‌ "ئێران سه‌ركردایه‌تی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌كات به‌ به‌شداریی گروپه‌ عێراقییه‌كان، یه‌مه‌نی و سورییه‌كان، به‌ بۆردوومانكردنی‌ ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كان، دواتر وه‌ڵامی دووه‌می حزبوڵای لوبنانی‌ به‌دوادا دێت”.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ ده‌ڵێت: "ره‌نگه‌ حزبوڵا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی بكاته‌ ئامانج بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوشتنی سێ ژن و دوو منداڵ له‌و هێرشه‌ی‌ كه‌ تیایدا فوئاد شوكر سه‌ركرده‌ی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵا به‌ئامانج گیرا".

له‌ كاتێكدا شاره‌زایان پێشبینی ده‌كه‌ن كه‌ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌كه‌ دیراسه‌كراو بێت بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئاڵۆزبوونی‌ زیاتری‌ دۆخه‌كه‌ و سه‌رهه‌ڵدانی ململانێیه‌كی به‌رفراوان له‌ ناوچه‌كه‌دا، شاره‌زایان و شرۆڤه‌كاران دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشه‌كه‌ی‌ پێشووی مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوویان به‌ "بێسوود" وه‌سف كردووه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ "دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی پێشوو مانایه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نابێت و چونكه‌ مووشه‌ك و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كان ناوچه‌ی هه‌ستیاری‌ ئیسرائیلیان نه‌پێكا و و كاریگه‌رییه‌كی وای‌ نه‌بوو كه‌ ئیسرائیل هێرشه‌كانی‌ دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌”.

له‌ نیسانی‌ رابردوودا و له‌ وه‌ڵامی‌ هێرشكردنه‌سه‌ر كونسوڵخانه‌كه‌ی‌ له‌ دیمه‌شقی‌ پایته‌ختی‌ سوریا كه‌ تیایدا 16 كه‌س كوژران له‌نێویاندا به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ فه‌یله‌قی‌ قودسی‌ سوپای‌ پاسداران هه‌بوو، ئێران به‌ ده‌یان مووشه‌ك و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان هێرشی كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل، به‌ڵام زۆربه‌یان پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئاسمانی ئیسرائیل، رێگرییان لێكرا و خرانه‌ خواره‌وه‌، یاخود خۆیان كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ و ئامانجه‌كانیان نه‌پێكا.


AM:09:58:02/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت