CNN زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بۆسه‌ر ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ CNNی‌ ئه‌مریكی‌ زانیاری‌ ده‌رباره‌ی‌ هێرشه‌كه‌ی‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ بۆسه‌ر ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات و له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ 72 كاتژمێری داهاتوودا ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسرائیل".


تۆڕی‌ هه‌واڵی‌ CNN بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ ئه‌مریكا "پنتاگۆن" پێی‌ راگه‌یاندووه‌ كه‌ "له‌ ماوه‌ی 72 كاتژمێری داهاتوودا ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی هێرشێكی دروونی و مووشه‌كی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسرائیل".

تۆڕه‌كه‌ له‌ زاری‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تری ئه‌مریكاوه‌ ده‌ڵێت: "به‌رپرسانی‌ باڵای‌ ئه‌مریكا ئیسرائیلیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌ هێرش ده‌كه‌ن".

روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "هه‌ندێك له‌ سه‌رچاوه‌كان به‌ تایبه‌ت له‌ ئیسرائیل باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ئێستا چه‌ند پلانێك له‌ به‌رده‌سته‌ بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر ئێران. ته‌نانه‌ت ئێستا به‌رپرسانی ئیسڕائیل ئه‌و بژارده‌یه‌ دیراسه‌ت  ده‌كه‌ن كه‌ هێرشی پێشوه‌خته‌ بكه‌نه‌ سه‌ر تاران، ئه‌گه‌ر دڵنیا بن ئێران گورزی سه‌ربازی له‌ ئیسرائیل ده‌دات".

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.
لای‌ خۆیه‌وه‌ به‌رپرسانی‌ ئێران و به‌ره‌ی‌ موقاوه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌ ئیسرائیل ده‌كه‌ن و جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كارانه‌ی‌ به‌بێ‌ وه‌ڵام تێ‌ ناپه‌ڕێت.


PM:11:12:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 2256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت