له‌ لوبنانه‌وه‌ ده‌یان موشه‌ك ئاڕاسته‌ی ئیسرائیل كرا


وێستگه‌نیوز-
دوای وتاره‌كه‌ی ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵا كه‌ به‌ڵێنی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی دا كه‌مێك پێش ئێستا ده‌یان مووشه‌ك له‌ لوبنانه‌وه‌ ئاراسته‌ی ئیسرائیل كرا.


ئاژانسه‌كانی‌ جیهان بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ لوبنانه‌وه‌ ده‌یان موشه‌ك  ئاڕاسته‌ی ئیسرائیل كرا.

به‌گوێره‌ی‌ میدیاكانی‌ میحوه‌ری‌ موقاوه‌مه‌، مووشه‌كه‌كان ئاراسته‌ی‌ چه‌ند ئامانجێكی‌ سوپای‌ ئیسرائیل له‌ باكووری‌ فه‌له‌ستین كراون.

هاوكات میدیاكانی‌ ئیسرائیل بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌ دوای‌ 48 كاتژمێر ئارامی‌، حزبوڵای‌ لوبنان ده‌یان مووشه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ ئیسرائیل كرد.

لای خۆیه‌وه‌، سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاند، 60 موشه‌ك له‌ باشوری لوبنانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ی شاری جه‌لیل كراون، له‌ئێستاشدا هێزه‌كانیان 15 موشه‌كیان خستۆته‌خواره‌وه‌.

ئاراسته‌كردنی‌ ئه‌و مووشه‌كانه‌ دوای‌ وتاره‌كه‌ی‌ ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنانی‌ دێت كه‌ تیایدا رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل هێڵه‌ سووره‌كانی‌ به‌زاندووه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵام بێت، وتیشی‌: "وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان بۆ دوژمن ده‌بێت".

حه‌سه‌ن نه‌سروڵا، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای لوبنان له‌ وتارێكیدا له‌ باشووری به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆری‌ لایه‌نگرانیدا وتی‌: "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا پێی‌ ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌".

وتیشی‌: "ئیسرائیل نازانێت تا چ ڕاده‌یه‌ك هێڵه‌ سووره‌كانی به‌زاندووه‌"، وه‌ك ئاماژه‌دانێك به‌ كوشتنی‌ فوئاد شوكر سه‌ركرده‌ی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵای لوبنان له‌ هه‌مان گه‌ڕه‌ك و ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس، له‌ تاران.

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.


PM:10:28:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت