سه‌ركرده‌یه‌كی حه‌ماس باس لە واده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌كات


وێستگه‌نیوز-
 ئه‌ندامێكی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌له‌ستینی‌ واده‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئیسرائیل ئاشكرا ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ زۆر به‌هێز ده‌بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ی ئابی 2024 به‌سام خه‌ڵه‌ف، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ لوبنان له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا وتی‌: "هه‌ماهه‌نگی بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی سێ هێرشی رابردووی ئیسرائیل ده‌ستیپێكردووه‌”.

به‌سام خه‌ڵه‌ف ئاماژه‌ی به‌ "ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌كه‌ له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا كرد، كه‌ زۆر به‌هێز ده‌بێت”.

وتیشی‌: "ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ رووبه‌ڕووی‌ تیرۆر ببێته‌وه‌ و ئه‌م بابه‌ته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌، و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی تیرۆركردنی ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی سیاسی حه‌ماس ده‌بێت".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "میحوه‌ری موقاوه‌مه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بڕیاری دا په‌نابباته‌به‌ر هه‌نگاوی جێگره‌وه‌، واته‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل به‌ ده‌ستێكی‌ ئاسنین، بۆیه‌ ده‌توانرێت بڵێین شه‌ڕ ده‌ستیپێكرد".

سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كانی بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل ده‌رباره‌ی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانوستانه‌كان، خه‌ڵه‌ف جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "هه‌ڵوێستی بزووتنه‌وه‌كه‌ روونه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانوستانه‌كان پێش هه‌فته‌ی داهاتوو، به‌تایبه‌ت كه‌ ناتانیاهۆ نایه‌وێت رێككه‌وتن ئه‌نجام بدات”.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی‌ حه‌ماس راشیگه‌یاند كه‌ "ڕه‌نگه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی میحوه‌ره‌كه‌ و وه‌ڵامدانه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌وه‌ ناوچه‌كه‌ په‌لكێش بكاته‌ ناو شه‌ڕێكی فراوانتره‌وه‌".

رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.


PM:09:41:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 2260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت