حه‌سه‌ن نه‌سروڵا: وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان بۆ دوژمن ده‌بێت


وێستگه‌نیوز-

ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای‌ لوبنان رایگه‌یاند كه‌ ئیسرائیل هێڵه‌ سووره‌كانی‌ به‌زاندووه‌ و ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وان بێت، ده‌شڵێت: "وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه‌مان بۆ دوژمن ده‌بێت".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 1ی‌ ئابی‌ 2024 حه‌سه‌ن نه‌سروڵا، ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبوڵای لوبنان له‌ وتارێكیدا له‌ باشووری به‌یرووتی پایته‌ختی لوبنان له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌رێكی زۆری‌ لایه‌نگرانیدا وتی‌: "شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا پێی‌ ناوه‌ته‌ قۆناغێكی نوێوه‌".

وتیشی‌: "ئیسرائیل نازانێت تا چ ڕاده‌یه‌ك هێڵه‌ سووره‌كانی به‌زاندووه‌"، وه‌ك ئاماژه‌دانێك به‌ كوشتنی‌ فوئاد شوكر سه‌ركرده‌ی‌ سه‌ربازی‌ حزبوڵای لوبنان له‌ هه‌مان گه‌ڕه‌ك و ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی‌ مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس، له‌ تاران.

ئه‌م لێدوانه‌ی‌ حه‌سه‌ن نه‌سروڵا دوای‌ ئه‌وه‌ دێت كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ فوئاد شكور فه‌رمانده‌ی باڵای سه‌ربازی حزبوڵا له‌ هێرشێكی ئیسرائیلدا له‌ به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان كوژرا، رۆژی‌ دواتر له‌ هێرشێكی تردا له‌ تاران ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌له‌ستینی كوژرا.

ئه‌مه‌ش دیارترین لێدوانه‌كانی حه‌سه‌ن نه‌سروڵا بوون:

* چه‌ند وڵاتێك داوایان له‌ حزبوڵا كرد وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر گه‌ڕه‌كی به‌یروت نه‌داته‌وه‌.

 *ئیسرائیل ده‌بێت چاوه‌ڕێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئێمه‌ بێت بۆ هێرشه‌كه‌ی باشووری‌ به‌یروت.

*ئێمه‌ به‌دوای وه‌ڵامێكی راسته‌قینه‌دا ده‌گه‌ڕێین نه‌ك وه‌ڵامێكی رووكه‌ش.

 *دوژمن نازانێت وه‌ڵامی ئێمه‌ له‌ كوێوه‌ دێت، جا له‌ باكووری فه‌له‌ستینه‌وه‌ بێت یان له‌ باشووره‌وه‌، به‌ش به‌ش ده‌بێت یان پێكه‌وه‌.

*ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت چیتر به‌ره‌یه‌كی پشتیوانی نییه‌، به‌ڵكو شه‌ڕێكی كراوه‌ی‌ گه‌وره‌یه‌ كه‌ به‌ره‌كانی بریتین له‌ غه‌ززه‌، باشووری لوبنان، یه‌مه‌ن، عێراق و ئێران.

 *په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵسوكه‌وت و كاردانه‌وه‌كانی دوژمنه‌وه‌.

*هێڵی حزبوڵا له‌گه‌ڵ هه‌ر تیرۆرێكردنێكدا، به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ ده‌چێت.

*دوژمنه‌كانمان بۆ هه‌ر كارێكی شه‌ڕانگێزانه‌ به‌رامبه‌رمان له‌ هه‌ر گۆڕه‌پانێكه‌وه‌ بێت، باجی قورس ده‌ده‌ن.

*توشی‌ شۆك نابین له‌وه‌ی له‌م شه‌ڕه‌دا چ باجێك ده‌ده‌ین.

*هێنده‌ سه‌ركرده‌مان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر بۆشاییه‌ك روویدات، پڕی‌ بكه‌ینه‌وه‌.

*ئێران له‌ به‌رامبه‌ر كوژرانی هه‌نیه‌ له‌ تاران بێده‌نگ نابێت.

*تاران كوشتنی هه‌نیه‌ به‌ هێرش بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و شكۆ و شه‌ره‌فی خۆی ده‌زانێت.

*ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وێرانت كردووه‌ له‌ناو ببه‌یت و هێڵه‌ سووره‌كان ببه‌زێنیت، هیچ چاره‌سه‌رێك نامێنێ جگه‌ له‌ راگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه‌ .

*به‌دواداچوونه‌كانی حیزب پشتڕاستیان كرده‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیار نین له‌ هێرشه‌كه‌ی‌ مه‌جده‌ل شه‌مس.


PM:07:11:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 3764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت