لیستی ئەو 10 سەرکردە باڵایەی حه‌ماس كه‌ لە رابردوودا لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون


وێستگه‌نیوزـ

دوێنێ چوارشەممە ئیسماعیل هەنیە بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس لەشوێنی حه‌وانه‌ى خۆی لەتارانی پایتەختی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە كرایه‌ ئامانج، پرۆسەکە ئەو كوشتاره‌ بەربڵاوانەی لەماوەی دەیەکانی رابردودا لە لایەن تەلئەبیبەوە لەدژی کەسایەتییە سیاسیی‌ و سەربازییە دیارەکانی حەماسی هێناوە بەرباس، کە لەساڵی 1987وە دامەرزراوە.


لەدیارترین سەرکردەکانی بزوتنەوەکە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون، سەرکردەو دامەزرێنەری بزوتنەوەکە، ئەحمەد یاسین، عەبدولعەزیز رانتیسی، کە جێگری بوو لەسەرکردایەتیی حەماس لەناوخۆی فەڵەستین‌ و سەڵاح شەحادە، دامەزرێنەری راستەقینەی لیواکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماس.

ئەمەی خوارەوە لیستێکە لە 10 سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی حەماس کە لەماوەی سێ دەیەی رابردودا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون:
1ـ ئیسماعیل هەنیە: لەساڵی 2024 لەتاران كوژراوە، لەنێوان ساڵانی 2006 بۆ 2007 وەک سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فەڵەستین‌ و لەساڵی 2021وە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بوە.

2ـ ساڵح عروری: لەمانگی یەکی ساڵی 2024 لەبەیروت كوژرا، دووەم فەرماندەیی حەماس بوەو بەشداریی لەدامەزراندنی کەتیبەکانی قەسامدا کردوە.

3ـ ئەیمەن نەوفەل: لەتشرینی یەکەمی ساڵی 2023 لەغەززە كوژراوە، فەرماندەی ئەمنی بوە لەکەتیبەکانی قەسام.

4ـ جەمیلە شەنتی: لەمانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2023 لەغەززە كوژرا، یەکەم ژن بوە لەمەکتەبی سیاسیی بزوتنەوەی حەماس.

5ـ رائید عەتتار: لەساڵی 2014 لە رەفەح كوژراوه‌، فەرماندەی لیوای رەفەح بوو لەکەتیبەکانی قەسام‌ و ئەندامی دامەزرێنەری لیوای رەفەح بوە.

6ـ ئەحمەد جەعبەری: لەتشرینی دووەمی ساڵی 2012 لەغەززە كوژراوه‌، فەرماندەیەکی سەربازیی دیاربوو لەکەتیبەکانی قەسام.

7ـ نزار رەییان: لەمانگی یەکی ساڵی 2009 لە جەبەلیە كوژراوه‌، سەرکردەیەکی سیاسیی‌ و سەربازیی بوە لەبزوتنەوەی حەماس.

8ـ عەبدولعەزیز رەنتیسی: لەمانگی نیسانی ساڵی 2004 لەغەززە كوژرا، دوای ئەحمەد یاسین سەرکردایەتیی حەماسی گرتە ئەستۆ.

9ـ شێخ ئەحمەد یاسین: لەمانگی ئاداری 2004 لەغەززە كوژرا، دامەزرێنەری بزوتنەوەی حەماس.

10ـ سەڵاح شەحادە: لەمانگی تەمموزی ساڵی 2002 لە غەززە كوژراوه‌، دامەزرێنەری لیواکانی قەسام بوە.




PM:12:01:01/08/2024


ئه‌م بابه‌ته 1692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت