ئیسماعیل هەنیە دوو کاتژمێر پێش کوژرانی بە واتس ئەپ قسەی لەگەڵ کوڕەکەی کردوە
ئیسماعیل هەنیە
وێستگهنیوزـ
عیماد ئەبشناس، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییهكان و شرۆڤەكاری ئێرانی ئاشكرایدەكات، قەوارەی زایۆنی، لەڕێی (واتس ئەپ)وە، شوێنی ئیسماعیل هەنیەی دەستنیشانكردووە.
ئەبشناس، لە دیدارێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: "هەنیە تەلەفۆنی زیرەكی بەكارهێناوە و دوو كاتژمێر پێش كردنە ئامانجی لەڕێی (واتس ئەپ)وە، پەیوەندی كردووە بە یەكێك لە كوڕەكانی، ئاماژەی بەوەشكردووە: قەوارەی زایۆنی ئەو سەكۆیە بۆ سیخوڕیكردن بەكاردهێنێت.
هەنیە ئەو كاتەی كراوەتە ئامانج، لەیەكێك لە باڵەخانەكانی جەنگاوەرە دێرینەكانی ئێران بووە، كە بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەكان، تەنها ژمارەیەكی زۆر كەم لە فەرماندە ئەمنیەكانی ئێران، شوێنی مانەوەیان زانیوە.
بەرپرسێكی ئێرانی بۆ رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز) ئاشكراكردووە، ئەو وێنەیەی كە لە سەكۆی تیلیگرام بڵاوكراوەتەوەو، دەوترێت ئەو شوێنەیە كە ئیسماعیل هەنیەی تیادا بووە كاتێك كراوەتە ئامانج، راستەو بەفیعلی ئەو باڵەخانەیە.
باڵەخانەكە لە شەش نهۆم پێكدێت و لە گەڕەكی زەعفەرانیەیە، كە یەكێكە لەگەڕەكە خۆشەكان لە باكوری تاران و لەتەنیشت كۆشكی سەعد ئابادە، كە لە بۆنەو ئاهەنگە حكومیەكاندا بەكاردەهێنرێت.
وەك لەوێنەكەدا دەردەكەوێت، یەكێك لە بەشەكانی باڵەخانەكە زیانی پێگەیشتووەو بە پارچەك قوماشێكی سەوز داپۆشراوە، هاوكات وێنەی داروپەردووەكەی دەبینرێت لەسەر سەربانی قاتی یەكەم.
تائێستا دەزگا ئەمنیەكانی ئێران هیچ وردەكارییەكیان لەبارەی چۆنیەتی كوشتنی ئیسماعیل هەنیە، سەرۆكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی بڵاونەكردووەتەوە، سوپای پاسداران لە دوای رووداوەكە، رایگەیاند: سەرقاڵی لێكۆڵەوەن لە رەهەندەكانی رووداوەكەو دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە، ئەوە لە كاتێكدایە، تائێستا دەزگا ئەمنیەكانی ئێران ئەوەیان بۆ یەكلانەبووەتەوە، لەكوێوە ئەو موشەكە ئاڕاستەی تاران كراوە.
لەسەرەتای رووداوەكەدا وا راگەیەندرا كە لەوڵاتێكی ترەوە ئاڕستەی تاران و شوێنی مانەوەی هەنیە كرابێت، بەڵام كەناڵی (12)ی رایگەیاند، بەگوێرەی شیكاریی زانیارییەكان، دەردەكەوێت ئەو موشەكەی كە ئیسماعیل هەنییەی كوشتووە، لە ناوەوەی ئێرانەوە هاوێژراوەو لەرێگەی فڕۆكە یاخود فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە نەبووە وەك ئەوەی تاران بانگەشەی بۆ دەكات.
AM:11:44:01/08/2024
ئهم بابهته 3436
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت