وێستگهنیوزـ
دوای كوژرانی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس و سەرکردەیەکی حزبوڵڵا، لەلایەن ئیسڕائیلەوە و هەڕەشەکانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە، دوو هێڵی ئاسمانی ئەمریکا و بەریتانیا گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل هەڵدەوەشێننەوە.
رۆژی چوارشەممە 31ی تهمموزی 2024، کۆمپانیای دێڵتا و هێڵی ئاسمانی یونایتد هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئیسرائیل راگەیاند، وەک ترسێک لە پەرەسەندنەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب، دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنییە و چەند بەرپرسێکی حزبوڵڵا.
گەشتەکانی کۆمپانیای دێڵتا بۆ رۆژی پێنجشەممە هەڵوەشاونەتەوە، لەکاتێکدا یونایتد رایگەیاندووە کە لانیکەم تا 6ی ئاب گەشتەکانی رادەگرێت.
لەلایەکی دیکەوه، ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد، گەشتی لوبنان نەکەن بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا و بزووتنەوەی حەماس.
سوپای ئیسرائیل رۆژی سێشەممە 30ی تهمموزی 2024، رایگەیاند، هێرشێکی "ورد"یان لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان ئەنجامداوە و فواد شوکر سەرکردە لە حزبوڵای لوبنانیان کوشتووە.
هاوکات بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 31ی تهمموزی 2024، بزووتنەوەی حەماس کوژرانی ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حزبەکەی لە تارانی پایتەختی ئێران لە لایەن ئیسڕائیلەوە راگەیاند.
کوژرانی(هەنییە و شوکر) ترسێکی گەورە و هەڵکشانێکی گەورە لە گرژی هێناوەتە ئارا کە ئەگەر هەیە ببێتە هۆی شەڕێکی ناوچەیی.