کامالا هاریس بۆ ناتانیاهۆ: لە ئازاری هاووڵاتییانی سڤیلی غەززە بێدەنگ نابم

‌كۆبوونه‌وه‌ی كامالا هاریس له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆ. وێنه‌: AFP

وێستگه‌نیوزـ

كامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کە بە سەردانێک لە واشنتنە وتی، ئەوەی لە کەرتی غەززە روویداوە کارەساتە و دانیشتووانی ئەو ناوچەیە ئازاری زۆریان چەشتووە. دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو ئازارچەشتنەی هاووڵاتییانی سڤیلدا ناتوانێت بێدەنگ بێت. 
 
کۆبوونەوەکەی کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین  ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی بوو. دوای کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسێکی کورتی گفتوگۆی نێوانیانی کرد. 
 
كامالا هاریس رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی کراوە و بنیاتنەرم لەگەڵ سەرۆکوەزیران  ناتانیاهۆ هەبوو. پێموت کە هەموو کات دڵنیایی دەدات لەوەی ئیسرائیل بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات دژی ئێران و میلیشیاکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە، لەوانە حیزبووڵا و حەماس". 
 
باسی له‌وه‌شكردوه‌، "هەر لەو کاتەوەی کچێکی گەنج بووم پارەم کۆدەکردەوە بۆ چاندنی نەمام بۆ ئیسرائیل، تا ئەو کاتەی لە ئەنجومەنی پیران بووم و ئێستاش لە کۆشکی سپی، پابەندبوونێکی بەردەوامم بە بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئاسایشەکەی و خەڵکەکەیەوە هەبووە. زۆر جار وتوومە و دووبارەی دەکەمەوە، ئیسرائیل مافی بەرگریی لەخۆکردنی هەیە و چۆن ئەو کارە دەکات، گرنگە". 
 
رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی رابردوو، جەنگی ئیسرائیل و کەرتی غەززە بە هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل دەستیپێکرد، دواتریش ئیسرائیل دەستی بە وەڵامدانەوە کرد. بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، لە هێرشەکەی حەماسدا لانیکەم هەزار و 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران و 250 کەسی دیکەش بە بارمتە گیران کە هێشتا 130 یان لەلای حەماس ماون. 
 
کامالا هاریس، لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا "نیگەرانیی قوڵی جیدیی خۆم سەبارەت بە ئاستی ئازار چەشتنی مرۆیی لە غەززە دەربڕی، لەناویاندا مردنی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی بێتاوان. نیگەرانیی جیدیی خۆمم سەبارەت بەو دۆخە مرۆییە ترسناکەی ئەوێ بە روونی دەربڕی".
 
ئەوەی لە نزیکەی 10 مانگی رابردوودا لە غەززە روویداوە، وەک كامالا هاریس باسی لێوه‌كرد، "کارەساتە. لەوانە وێنەی منداڵە مردووەکان و کەسانی بێهیوا و برسی کە بۆ سەلامەتیی خۆیان هەڵدێن و بۆ جاری دووەم، سێیەم یان چوارەم ئاوارە دەبن. لە بەرامبەر ئەم کارەساتانەدا ناتوانین روومان وەرگێڕین. ناتوانین رێگە بە خۆمان بدەین لە ئازارەکان بێهۆش بین، منیش بێدەنگ نابم". 
 
بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە 39 هەزار و 175 کەس کوژراون و 90 هەزار و 403 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها، 10 هەزار کەسیش کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانەوە.

بەشێکی دیکەی وتەکانی کامالا هاریس تایبەت بوون بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. ئەو لە وتەکانیدا داوای کرد، رێککەوتن بکرێت، "بۆ ئەوەی بتوانین بگەینە ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. با بارمتەکان بگەڕێنینەوە و هاوکاریی مرۆیی بگەیێنینە خەڵکی فەڵەستین. بێگومان، بەردەوام دەبم لە پابەندبوون بە پاڵپشتیکردن لە رێگەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەری دوو دەوڵەت." 
 
ئەو کۆبوونەوەیەی نێوان کامالا هاریس و بنیامین ناتانیاهۆ لەکاتێکدایه‌ هاریس نزیکە لەوەی ببێتە كاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ئەمە دوای ئەوەی رۆژی 21ی ئەم مانگە، جۆ بایدن، كاندیدی دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە و پاڵپشتیی خۆی بۆ هاریس وەک شوێنگرەوەی خۆی دەربڕی. 
 
بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت، کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکایان بۆ پۆستەکە كاندید کردووە.




AM:09:46:26/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت