ئاژانسی رۆیته‌رز: راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له‌ غه‌ززه‌ و ئازادكردنی بارمته‌كان نزیكه‌ بگاته‌ ئه‌نجام

‌دیمه‌نێكی غه‌ززه‌

وێستگه‌نیوزـ

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرایکرد، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە کۆتا قۆناغەکاندایە و نزیکە بگاتە ئەنجام.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئەو بۆشایی و جیاوازیانەی ماون دەکرێت چارە بکرێن و بۆ شەش هەفتە ئاگربەست رادەگەیێنرێت، لەبەرامبەریشدا، بەشێک لەو بارمتانەی ماون ئازاد دەکرێن.

به‌پێی ئاژانسه‌كه‌، راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان لە کۆتا قۆناغەکاندایە و نزیکە بگاتە ئەنجام. بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بۆشایی و جیاوازییانەی ماون، ئەمڕۆ، 25ـی تەمموز جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتەنیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆدەبنەوە.

ئەمریکا لەگەڵ قەتەر و میسر کار دەکات بۆ رێکخستنی ئاگربەست لە غەززە، بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دەستبەسەرکراون و هێنانی هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ ناو کەرتی غەززە.

لای خۆیەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل دەربڕی لەبەر ئەوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتگوێ دەخات، هەروەها داوای ئاگربەستی خێراش دەکات.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لەسەرەتای شەڕەوە تا ئێستە نزیکەی 39 هەزار و 200 فەڵەستینی گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌، زۆربەیان ژن و منداڵن، هەروەها زیاتر لە 90 هه‌زار و 403 كه‌سیش بریندران.

رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.


PM:06:55:25/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 756 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت