حوسییه‌ یاخبووه‌كان كێن كه‌ له‌یه‌مه‌نه‌وه‌ بۆردومانی ئیسرائیل ده‌كه‌ن؟


وێستگه‌ نیوزـ

عه‌بدولمه‌لیك ئه‌لحوسی سه‌رۆكی حوسییه‌كان، ئیراده‌ گروپه‌كه‌ی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل دووپاتكرده‌وه‌ و به‌م دواییانه‌ رایگه‌یاند: "ئه‌وان زۆر دڵخۆشن" به‌ هه‌ڵكشانی په‌ره‌سه‌ندنه‌كان دژ به‌ ئیسرائیل و ئاماده‌ن بۆ روبه‌رووبوونه‌وه‌ی جه‌نگێكی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و هیچ هێڵێكی سور له‌ ئارادا نییه‌.

رۆژی هه‌ینی 19ی ته‌موزی 2024، حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن و له‌ دووری زیاد له‌ دوو هه‌زار كیلۆمه‌تر، به‌ فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وان هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئیسرائیل و بووه‌ هۆی كوژرانی كه‌سێك و برینداربوونی هه‌شت هاوڵاتی دیكه‌. له‌وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه‌دا، ئیسرائیل به‌نده‌ری ئه‌لحه‌دیده‌ی له‌ خۆرئاوای یه‌مه‌ن بۆردومانكرد.

بنه‌چه‌ و ناسنامه‌ی حوسییه‌كان
حوسییه‌كان سه‌ر به‌ كۆمه‌ڵێك عه‌شیره‌تن له‌ باكوری یه‌مه‌ن نزیك سنوری سعودیه‌، په‌یڕه‌وی له‌ مه‌زهه‌بی زه‌یدی ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مه‌زهه‌به‌كانی شیعه‌. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی زۆرینه‌ی شیعه‌كانه‌وه‌، زه‌یدییه‌كان باوه‌ڕیان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی مه‌هدی چاوه‌ڕوانكراو نییه‌.

به‌ڵام په‌یوه‌ستبوونیان به‌ مه‌زهه‌بی شیعه‌، هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ پته‌وه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ ئێران و پێیانوایه‌ ئێران سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی دژه‌ ئیسرائیل ده‌كات و له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شیعه‌ ده‌كات.

زه‌یدییه‌كان یه‌ك له‌سه‌ر سێی دانیشتوانی یه‌مه‌ن پێكده‌هێنن، ده‌ركه‌وتنی حوسییه‌كان وه‌ك گروپێكی سیاسی و پاشان وه‌ك گروپێكی سه‌ربازی، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو. بزووتنه‌وه‌كه‌ یه‌كه‌مجار له‌سه‌ر ده‌ستی حسێن به‌دره‌دین ئه‌لحوسی، برای سه‌ركرده‌ی ئێستای حوسییه‌كان عه‌بدولمه‌لیك ئه‌لحوسی دامه‌زرا. حسێن ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی یه‌مه‌ن بوو، ناڕه‌زایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌ سیاسه‌ته‌كانی عه‌لی عه‌بدوڵڵا ساڵح سه‌رۆكی پێشووی یه‌مه‌ن ده‌رده‌بڕی.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، حوسییه‌كان تاده‌هات حكومه‌تی مه‌ركه‌زیان له‌ سه‌نعا، به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ زه‌یدییه‌كانی په‌راویزخستووه‌ و مافه‌كانیان پێشێل ده‌كات.

هه‌روه‌ها حكومه‌تیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد له ئیسرائیل و ئه‌مریكا نزیكده‌بێته‌وه‌. به‌ پشتبه‌ستن به‌و تۆمه‌تانه‌، ساڵی 2014 دژ به‌ حكومه‌تی پێشووی یه‌مه‌ن عه‌بد ره‌به‌ مه‌نسور هادی یاخیبوون، به‌ڵام عه‌بد ره‌به‌ به‌ پشتیوانی و كۆمه‌كی هاوپه‌یمانه‌ سه‌ربازییه‌كه؛‌ كه‌ سعودیه‌ رابه‌رایه‌تی ده‌كرد، توانی له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌ و له‌ ساڵی 2015وه‌ تا ئه‌مڕۆ، له‌گه‌ڵ یه‌مه‌ن له‌ شه‌ڕدایه‌.

راسته‌ حكومه‌تی یه‌مه‌ن كه‌ له‌ سعودییه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت، كۆنترۆڵی به‌شێكی زۆری خاكی یه‌مه‌نی كردووه‌. وه‌لێ حوسییه‌كان به‌ پشتگیری و كۆمه‌كی ئیران، ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانیان له‌ باكوری خۆرئاوای وڵات له‌به‌رده‌ستدایه‌، له‌وانه‌ سه‌نعای پایته‌خت. له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ شه‌ڕی یه‌مه‌ن، به‌ شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت له‌ نێوان سعودیه‌ و ئێران داده‌نرێت.

حوسییه‌كان خاوه‌نی تانك و زرێپۆش و موشه‌كی ئاراسته‌كراو و موشه‌كی كرۆز و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و ده‌یان جۆری دیكه‌ی چه‌كی قورس و سوكن و ده‌ڵێن له‌ عه‌مباره‌كانی سوپای فه‌رمی یه‌مه‌ن، ده‌ستیان به‌سه‌ر ئه‌و چه‌كانه‌دا گرتووه‌.

دروشمی حوسییه‌كان كه‌ دژ به‌ ئه‌مریكا و ئیسرائیل و جوله‌كه‌یه‌، ئاماژه‌یه‌ بۆ رێبازی ئایدۆلۆژییان. ئه‌وان له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان رژێمێكی ئاینی توندیان دامه‌زراندووه‌ و تووندڕه‌وی ئاینی به‌ دژایه‌تییه‌كی تووندی خۆرئاوا و ئیسرائیل ده‌به‌ستنه‌وه‌. ته‌نانه‌ت ناوی بزووتنه‌وه‌كه‌یان "ئه‌نسارلله‌" ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌یڕه‌وه‌ توونده‌كه‌یانه‌.

حوسییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی غه‌ززه‌، ته‌نها ئیسرائیل به‌ به‌رپرسیاری شه‌ڕه‌كه‌ ده‌زانن، ئه‌و هێرشه‌ تیرۆریستییه‌ پشتگوێده‌خه‌ن كه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ر كردیه‌ سه‌ر ئیسرائیل و بووه‌ هۆی كوشتنی هه‌زار و 200 ئیسرائیلی.

لێره‌وه‌ حوسییه‌كان بۆ پشتگیری له‌ حه‌ماس، وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، چه‌ند مانگێكه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كانی ده‌ریای سور و موشه‌ك به‌ ئیسرائیله‌وه‌ ده‌نێن.

حوسییه‌كان هاوپه‌یمانێكی سروشتی ئێرانن، ئه‌وان به‌شێكن له‌وه‌ی ئێران پێیده‌ڵێت "به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌" دژ به‌ ئیسرائیل و ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ حزبوڵڵای لوبنانی و گروپه‌ رادیكاڵه‌كانی عێراق و رژێمی سوریا له‌خۆده‌گرێت.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، حوسییه‌كان له‌ هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ی ئێران جیاوازترن، بۆ نمونه‌ به‌ به‌راوردكردنیان به‌ حزبوڵڵای لوبنانی، حوسییه‌كان كه‌متر پشت به‌ ئێران ده‌به‌ستن و راسته‌وخۆ ملكه‌چی سه‌ركردایه‌تی ئێران نین، وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌مید ره‌زا عه‌زیزی تویژه‌رێكی پسپۆڕ له‌ كاروباری ئێران له‌ په‌یمانگای ئه‌ڵمانی بۆ سیاسه‌ت و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی له‌ به‌رلین به‌ DW راگه‌یاندووه‌.

ئێران ده‌ڵێت ته‌نها له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ پشتیگری حوسییه‌كان ده‌كات و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیان پێنادات. به‌ڵام گومان له‌و قسه‌یه‌ ده‌كرێت. له‌ ماوه‌ی ده‌ ساڵی رابردوو، سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی، لانی كه‌م 20 كه‌شتی ئێرانیان راگرتووه‌ كه‌ موشه‌ك و پارچه‌ی موشه‌ك و موشه‌كی كرۆز و درۆن و هه‌زاران كڵاشینكۆف و كه‌ره‌سته‌ی دیكه‌ی جه‌نگییان، گواستووه‌ته‌وه‌ بۆ بۆ حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن.

له‌م باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی هه‌واڵگریی به‌رگری ئه‌مریكا DIA له‌ راپۆرتێكدا كه‌ له‌ مانگی ته‌موزی ئه‌مساڵدا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات حوسییه‌كان 100 هێرشی زه‌مینی و ده‌ریاییان له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سور و كه‌نداوی عه‌ده‌نه‌وه‌، به‌و چه‌كانه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ وه‌ریگرتووه‌، ئه‌نجامداوه‌.


PM:06:11:24/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 692 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت